هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی شیکاریی توند و سەرنجڕاکێشدا، تیشک دەخاتە سەر ڕەوشی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەخنەی قورس ئاراستەی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات لە هەمبەر پشتگوێخستنی دۆزی ڕەوای کورد و نەناساندنی ئەو جینۆسایدانەی لە مێژوودا بەسەریدا هاتوون.
بەراوردکارییەکی حەساس؛ کورد چی لە فەڵەستینییەکان کەمترە؟
ڕاپۆرتەکە لەلایەن دەیڤد هاریس، جێگری سەرۆکی پەیمانگای جیهانی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەنتی-سێمێتیزم (دژە-جوولەکە) نووسراوە. هاریس بە ڕاشکاوی پرسیار لە ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "کورد چی لە فەڵەستینییەکان کەمترە کە جیهان ئاوا پشتی تێکردووە و ئامادە نییە جینۆسایدەکانی بە فەرمی بناسێنێت؟"
ئەم لێکۆڵەرە ئاماژەیەکی حەساس و ڕەخنەیی دەستنیشان دەکات و دەنووسێت: "وڵاتانی ئەوروپا گرنگیی بە جینۆسایدکردنی گەلی کورد نادەن، تەنیا لەبەر یەک هۆکار؛ چونکە ئیسرائیل ئەو جینۆسایدانەی ئەنجام نەداوە!" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دووڕوویی سیاسیی ڕۆژئاوا لە بەکارهێنانی دۆسیە مرۆییەکاندا.
پەیماننامەی سیڤەر و مێژوویەکی پڕ لە خیانەت
هاریس لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەچێتە ناو قووڵایی مێژووەوە و دەخاتە ڕوو، سەرباری ئەوەی لە سەدەی ڕابردوودا و دوای شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دەکرا لەلایەن هێزە هاوپەیمانە سەرکوتووەکانی جەنگەوە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێنرێت و لە چوارچێوەی پەیماننامەی "سیڤەر"ی ساڵی ١٩٢٠دا مافەکانیان جێگیر بکرێت، بەڵام هێزە مەزنەکان ئەو کارەیان نەکرد و پێچەوانەکەی بینرا، کە بریتی بوو لە دابەشکردن و پشتگوێخستنی یەکجاریی گەلی کورد.
هاوپەیمانی کاتی؛ لە شەڕی داعشەوە بۆ کێشمەکێشەکانی واشنتن و تاران
ئەم لێکۆڵەرە جوولەکەیە پێگەی هەرێمی کوردستان لەنێوان کێشمەکێشمەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران و دۆخی ١٠ بۆ ١٢ ساڵی ڕابردوو بەراورد دەکات و یادگەی سیاسیی جیهان دەبووژێنێتەوە. ناوبراو دەپرسێت: "بۆچی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کاتێک شەڕی ڕێکخراوی داعشیان هەبوو، کوردیان وەک سەرەکیترین، قارەمانترین و گرنگترین هاوپەیمانی خۆیان لە ناوچەکە دەناساند؟ یان لە کاتی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەردەوام فشاریان لێ دەکرا کە لایەنگری لە بەرەی ڕۆژئاوا بکات؟"
هاریس خۆی وەڵامی ئەم پرسیارە ستراتیژییە دەداتەوە و دەڵێت: "ڕاستییەکە ئەوەیە کاتێک ڕۆژئاوا کار و بەرژەوەندییەکانی بە کورد کۆتایی دێت و خواستەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بەدیدەهێنن، ئیدی زۆر بە ئاسانی پشت دەکەنە ئەم نەتەوەیە."
نووسەری ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە، ڕێک بەهۆی ئەم بێوەفاییە بەردەوامەی هێزە جیهانییەکانەوەیە کە لە ئێستادا هەموان دەبینن وێردی سەر زمانی تاک بە تاکی کورد لەم جیهانەدا تەنیا ئەم ڕستە ناسراوەیە: "کورد هیچ دۆستێکی نییە جگە لە چیاکان."