دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

ئایا مۆساد لەپشتی تیرۆرکردنی زانا گەنجەکانی ئێرانەوەیە؟

هەرێم نیوز

ئەمە زنجیرەیەکی نوێیە لە زنجیرە درامای تیرۆرکردنی زانایانی ئێرانی؛ ئەمجارەیان نە لە بواری ئەتۆمییە و نە دەرهەق بە زانایەکی دێرین و بە ئەزموونە، بەڵکو توێژەرێکی گەنج و داهاتوودارە لە دەمارە سەرەکییەکانی نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم. گەیشتنەوەی تەرمی پێشەنگی ژیریی دەستکرد، دکتۆر "عەلی ئیحسانیان" بۆ تاران لەم هەفتەیەدا، دوای زیاتر لە شەش هەفتە لە کۆچی دواییە تەمومژاوییەکەی لە شاری نیسی فەڕەنسا لە (٢٨ی ئازاری ٢٠٢٦) (کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سەردەمی جەنگەوە کاتەکەی درێژ بووەوە)، بووەهۆی گەڕانەوەی ئەم چیرۆکە "کۆنە و نوێیە" بۆ یادەوەریی "خەمناکی" ئێرانییەکان. لە کاتێکدا تاران ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی لە پشتی زۆربەی بەشەکانی ئەم زنجیرە خوێناوییەیە، ماڵپەڕی هەواڵی "پرێس تیڤی" (سەر بە سوپای پاسداران) کۆچی دوایی ئیحسانیانی لە چوارچێوەی "هەڵمەتێکی سیستماتیک، کە مێشکە زانستییەکانی ئێران دەکاتەئامانج" وەسفکرد.

ماڵپەڕەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەربارەی کوژرانی ئەم زانایە دەڵێت: "هەموو بەڵگەکان ئاماژە بۆ تێوەگلانی مۆساد دەکەن"، ئاماژە بەوەش دەکات، کە دۆسیەکە هێشتا لە تۆمارەکانی فەڕەنسادا، وەک "نادیار" ماوەتەوە و پۆلیس تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکانی ڕانەگەیاندووە و گریمانەی کوشتنی بە ئەنقەستیشی ڕەتنەکردووەتەوە. ئیحسانیان کەسایەتییەکی توێژەری تەقلیدی نەبوو. ئەم گەنجە تەمەن (٣١) ساڵە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بوو لە ئەندازیاری کارەبا لە زانکۆی "سۆربۆن" لە پاریس (تێزەکەی لەسەر "فێربوونی ئامێر بۆ تۆڕە پەیوەندییە خەیاڵییەکانی نەوەی شەشەم G6" بوو) و زەمالەی "ماری سکلۆدۆفسکا-کوری"ی ناوداری ئەوروپی بەدەستهێنابوو؛ ئەو کۆکەرەوەی ئەزموونی ئەکادیمیی بەرز و کارکردن لە پڕۆژە ئەمنی و سەربازییەکاندا بوو. ڕاپۆرتە ئێرانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ناوبراو لە نێوان ساڵانی (٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠) لە پڕۆژەگەلێکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی بەرگری خزمەتی کردووە، هەروەها لە ماوەی خزمەتی سەربازیدا لەگەڵ دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکاندا کاری کردووە. هەستیاریی دۆسیەکە کاتێک زیاتر دەبێت، کە سەیری سروشتی پسپۆڕییە زانستییەکانی دەکرێت. لێکۆڵینەوەکانی تیشکیان خستبووەسەر ژیریی دەستکرد، فێربوونی ئامێر (Machine Learning) و تۆڕە بێتەلە پێشکەوتووەکان؛ ئەمانەش ئەو بوارانەن، کە پسپۆڕانی ئاسایش بە "تەکنەلۆژیای بەکارهێنانی دووفاقە" وەسفیدەکەن، چونکە دەکرێت لە یەک کاتدا بۆ مەبەستی مەدەنی و سەربازی بەکاربهێنرێن، بەتایبەت لە پەرپێدانی "پۆلە درۆنەکان" (Drone swarms)، جەنگی ئەلیکترۆنی و سیستمە مۆدێرنەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ.

هەندێک لە ڕاپۆرتە ئێرانییەکان بە ڕاشکاوی ئاماژە بە بەشدارییەکانی ئیحسانیان دەکەن لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بە درۆنەکانی "شاهید"، کە بە شێوەی "پۆل" هێرشدەکەنەسەر ئامانجەکانیان، کە بوونەتە یەکێک لە بەناوبانگترین توخمەکانی هێزی سەربازیی ئێران، بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای ڕووسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا پشتیپێبەستن. لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی فەڕەنسا لەسەر ڕووداوەکە بەردەوامن، ئەوەی گومانەکان زۆرتر دەکات —بەپێی گێڕانەوەی ئێران— تەنها تەمومژاویبوونی بارودۆخی مردنەکە نییە، بەڵکو کەمیی ئەو زانیارییانەیە، کە لەلایەن دەسەڵاتە فەرمییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە. پۆلیسی فەڕەنسا، وەک نەریتی هەمیشەیی خۆی لە ڕووداوی لەم شێوەیەدا، هیچ بەیاننامەیەکی بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی مردنەکە "بە شێوەیەکی سەرەتایی" دەرنەکردووە، داواکاری گشتیش هیچ تۆمەتێکی ئاراستەی کەس نەکردووە و گومانلێکراویشی دیارینەکردووە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییە (بنکۆڵکارییەکان) لە میدیاکانی فەڕەنسادا، کە بەو جۆرە بابەتانە ناسراون، غائیبن. تاران پێیوایە ئەم دۆسیەیە شایستەی "بەدواداچوونی دیپلۆماسی و سیاسیی تایبەتە"، بۆیە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، کە باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکات. لە چوارچێوەی وەسفکردنی مردنی ئیحسانیان، وەک "ڕووداوێکی یەکجار تاڵ"، بەقایی جەختی لەسەر "ئەرکی ئێران بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتیانی لە هەر شوێنێکی جیهان بن" کردەوە. جگە لەو گومانانەی، کە تەمومژاویبوونی بارودۆخەکە و کاتەکەی دروستیدەکەن، چوارچێوە گشتییەکە ئاماژەی زیاتری تێدایە.

نزیکەی دوو دەیەیە، کە کۆمەڵگەی زانستیی ئێران، بەتایبەت لە پسپۆڕییەکانی ئەتۆم و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا، لەژێر هەڕەشەی شتێکدا دەژین، کە لە "هەڵمەتێکی تیرۆری ڕێکخراو" دەچێت و پۆلێک لە دیارترین زانا و توێژەرانی گرتووەتەوە. یەکەمین ئەڵقەی دیاری ئەم دراما خوێناوییە بۆ ساڵی (٢٠٠٧) دەگەڕێتەوە، کاتێک فیزیای ناسراو "ئەردەشیر حەسەن پوور" لە بارودۆخێکی نادیاردا کۆچیدواییکرد. دوای سێ ساڵ لەوە، پڕۆفیسۆری فیزیا "مەسعود عەلی محەمەدی" لە تەقینەوەیەکدا لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە تاران تیرۆر کرا. لە هەمان ساڵدا، زانای ئەتۆمی "مەجید شەهریاری" بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژرا، لە کاتێکدا هاوکارەکەی "فەرەیدون عەباسی" بە پەرجۆ لە هەوڵێکی هاوشێوە ڕزگاری بوو. ئەم زنجیرەیە لە تەممووزی (٢٠١١) بە تیرۆرکردنی "داریوش ڕەزایی نەژاد" لەبەردەم ماڵەکەیدا بەردەوام بوو، پاشان لە کانوونی دووەمی (٢٠١٢)دا "مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن"، یەکێک لە دیارترین توێژەرانی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز کوژرا، بەڵام بەناوبانگترین و کاریگەرترین ئۆپەراسیۆن لە تشرینی دووەمی (٢٠٢٠)دا بوو بە تیرۆرکردنی "موحسین فەخری زادە"، کە میدیا ڕۆژئاوایی و ئیسرائیلییەکان بە "مێشکی داڕێژەر"ی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەسفیان دەکرد. ئەمە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزدا لە نزیک تاران ئەنجامدرا، کە هەواڵگریی ئیسرائیل بە شانازییەوە بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ —وەک لە لێدوانی بەرپرسەکانیاندا هاتبوو، لەوانە "یۆسی کۆهین" سەرۆکی پێشووی مۆساد، کە وردەکاریی سەرنجڕاکێشی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە لە نوێترین کتێبی یاداشتەکانیدا بە ناوی "شمشێری ئازادی" گێڕاوەتەوە. لە ساڵانی دواییدا، ڕووبەڕووبوونەوەکان لە قۆناغی تیرۆری نهێنیی سنووردارەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی فراوانتر و ئاشکراتر گۆڕان. لە کاتی جەنگی ئیسرائیل دژی ئێران لە حوزەیرانی (٢٠٢٥)، ئیسرائیل دانی بەوەدا نا، کە زانا و پسپۆڕانی پەیوەندیدار بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کردووەتەئامانج. لە کاتێکدا سەرچاوە ئێرانییەکان باسیان لە کوژرانی لانیکەم شەش زانای ئەتۆمی دەکرد لە لێدانە یەکەمەکاندا، ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە ژمارەکە گەیشتووەتە نۆ کەس، هەروەها "ڕۆیتەرز" ئاماژەی بەوە کرد، کە ژمارەی قوربانیانی پسپۆڕە ئەتۆمییەکان لەو هەڵمەتەدا گەیشتە (١٤) زانا.

لیستی قوربانییەکان ناوی دیاری، وەک "فەرەیدون عەباسی"، "محەمەد مەهدی تارانچی"، "ئەحمەد ڕەزا زولفەقاری"، "سەعید بورجی" و "عەلی بەقایی کەریمی" لەخۆ گرتبوو، کە ئەوانە بڕبڕەی پشتی بونیادی زانستی و سەربازیی ئێران بوون. لێرەوە، دۆسیەی "عەلی ئیحسانیان" گرنگییەکی زیادە پەیدا دەکات، چونکە ئەو نوێنەرایەتی نەوەیەکی نوێ لە زانایان دەکات، کە لە خاڵی بەیەکگەیشتنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ئاسایشی نیشتمانیدا وەستاون؛ لە سەردەمێکدا، کە ژیریی دەستکرد، تەکنەلۆژیای درۆن و جەنگی سایبەری بوونەتە بەشێک لە هاوکێشەکانی ململانێی ستراتیژی.

ئەگەر تیرۆرەکانی پێشوو زیاتر زانایانی گەردیلە و فیزیای ئەتۆمییان کردبێتە ئامانج، ئەوا کوژرانی زانای گەنج "ئیحسانیان" ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە ململانێی "پەنهان" لەگەڵ ئیسرائیل گواستراوەتەوە بۆ گۆڕەپانێکی نوێ، کە پێویستی بە دووبارە سەیرکردنەوەی پرۆتۆکۆڵەکانی پاراستنی مێشکە ئێرانییەکان هەیە، بەتایبەت نەوەکانی دواتر.

و: یادگار عەلی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP