دواین هەواڵ

عێراق‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

کەرکووک لەبەردەم نەخشەیەکی نوێدا؛ پارێزگار و جێگرەکەی پۆستەکانیان جێهێشت

هەرێم نیوز

لە پێشهاتێکی کتوپڕدا، ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک و یاوز حەمید جێگری پارێزگار، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە پۆستەکانیان ڕاگەیاند و بڕیارە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکە کۆببێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 4ـی 2026، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ڕادەستی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا کرد.

هاوکات یاوز حەمید، جێگری پارێزگار لە پشکی نەتەوەی تورکمانیش، بە هەمان شێوە دەستی لەکارکێشایەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جگە لە دوو ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی، گەیشتوونەتە باڵەخانەی ئەنجوومەن.

بڕیارە فراکسیۆنی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ڕێبوار تەها ڕادەستی سکرتێری ئەنجوومەن بکات تاوەکو لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا بە فەرمی پەسەند بکرێت.

ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە دوای لێدوانە توندەکانی د. شاخەوان عەبدوڵا دێت کە کۆبوونەوەکەی بە "ناشەرعی" ناوبردبوو، بەڵام وا دەردەکەوێت لایەنەکانی دیکە سوور بن لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان و ڕێککەوتنی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP