هەرێم نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتبەستن بە هاوردەکردن لە دەروازە سنوورییەکانەوە، نرخی تەماتە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، هاوکات پێشبینیش دەکات کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا نرخەکەی دابەزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی 4ـی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لە ماوەی مانگی نیساندا نرخی کۆ (جوملە)ی تەماتە بۆ هەر کیلۆیەک لە نێوان 1750 بۆ 2250 دیناری عێراقی بووە، هەروەها نرخی تاک (موفرەد)یش لە نێوان 2000 بۆ 2500 دینار بووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هۆکاری سەرەکیی پشت گرانبوونی نرخی تەماتە لە عێراق، بۆ نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتبەستنی تەواوەتی بە هاوردەکردن دەگەڕێتەوە. ڕوونیشی کردووەتەوە کە بەرزبوونەوەی نرخەکان پەیوەندیی بە پچڕانی هاتوچۆی دەروازە سنوورییەکانەوە هەیە کە بووەتە هۆی کەمیی بەرهەمەکە لە بازاڕەکاندا، و ئەو بەرهەمانەش کە وەک جێگرەوە لە تورکیا و ئوردنەوە دەهێنرێن، بەهەمان شێوە گرانن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێشبینی دەکرێت بە پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە کۆتایی مانگی نیساندا، نرخی تەماتە دابەزێت، و نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەش بە جێگیری دەمێنێتەوە بەهۆی بوونی بەرهەمی ناوخۆییی پێویستەوە.