هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بە فەرمی سەفیە سوهەیل، باڵیۆزی عێراقی لە ڕیاز بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی توندی ڕادەست کرد. ئەم هەنگاوەی ڕیاز دوای بەردەوامیی هێرش و هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان دێت کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لەناو خاکی عێراقەوە، سعودیە و وڵاتانی کەنداو دەکەنە ئامانج.
سعود ساتی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە کاتی ڕادەستکردنی یاداشتەکەدا جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشانە بکات و ڕێگری لێ بکات.
سعودیە ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە ئیدانە دەکات و بێدەنگ نابێت بەرامبەر بەزاندنی سەروەریی خاکەکەی.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، لایەنی سعودی هۆشدارییەکی توندی داوە و ڕایگەیاندووە کە ڕیاز هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەرگری لە ئاسایشی خۆی و پاراستنی خاکەکەی لە هەر دەستدرێژییەک کە لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجام بدرێت.