دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

نزار ئامێدی بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا

هەرێم نیوز

نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە گەڕی دووەمی پرۆسەی دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە بەدەستهێنانی 227 دەنگ بە فەرمی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ شەممە 11ی نیسانی 2026، لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، نزار ئامێدی توانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەست بهێنێت و سەرکەوتن بۆ پۆستەکە تۆمار بکات.

لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست (کە پێویستی بە 220 دەنگە) بەدەست بهێنن، بەو هۆیەشەوە پرۆسەی دەنگدانەکە ڕاستەوخۆ چووە گەڕی دووەم.

لە گەڕی دووەمدا، کێبڕکێکە لە نێوان نزار ئامێدی و موسەننا ئەمین وەک دوو کاندیدی کۆتایی مایەوە، و لە ئەنجامدا نزار ئامێدی بە جیاوازییەکی گەورە پۆستەکەی مسۆگەر کرد.

بەگوێرەی ئەنجامی فەرمیی دەنگی جیاکراوەی هەردوو کاندیدەکە لەناو پەرلەمان، دەنگەکان بەم شێوەیە بوون:

نزار ئامێدی: 227 دەنگ.
موسەننا ئەمین: 15 دەنگ.
دەنگی پووچەڵ: 7 دەنگ.

نزار ئامێدی کێیە؟

ناوی تەواوی: نزار محەمەد سەعید محەمەد .
-لە 6ـی 2ـی 1968 - قەزای ئامێدی، پارێزگای دهۆک لەدایکبووە.
-خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە.
-هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاریی میکانیک - زانکۆی مووسڵ.
-ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانـە.
-لە ساڵی 1993 بۆ 2003 لە نووسینگەی مام جەلال کاری کردووە.
-لە 2005 بۆ 2022 راوێژکاری باڵای سێ سەرۆککۆماری عێراق بووە.
-لە 2022 بۆ 2024 وەزیری ژینگەی عێراق بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP