هەرێم نیوز
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێشنیوەڕۆ، پەرلەمانی عێراق یەکێک لە گرنگترین دانیشتنەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ ئەنجام بدات، بەڵام گرێکوێرەی سەرەکیی دانیشتنەکە تەواوکردنی ڕێژەی یاساییە.
بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەر بگرێت، دەبێت ئەم مەرجانە بێنە دی:
• ڕێژەی یاسایی (نیساب): پێویستە ٢٢٠ ئەندام لە کۆی ٣٢٩ ئەندام لەناو هۆڵەکەدا ئامادە بن.
• گەڕی یەکەم: کاندید پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان (٢٢٠ دەنگ) هەیە بۆ بردنەوە.
• گەڕی دووەم: ئەگەر لە گەڕی یەکەم کەس دەرنەچوو، ئەوا لە گەڕی دووەمدا کێبڕکێ لە نێوان دوو کاندیدە یەکەمەکە دەبێت و هەرکامیان زۆرینەی دەنگەکان بهێنێت، دەبێتە سەرۆک کۆمار.
نەخشەی لایەنە کوردییەکان؛ دابەشبوون بۆ دوو بەرە
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بوونەتە دوو بەشەوە:
١. بەرەی بایکۆت: پارتی دیموکراتی کوردستان (بڕیاری داوە بەشداری دانیشتنەکە نەکات).
٢. بەرەی بەشداربوو: (یەکێتی، هەڵوێست، یەکگرتوو، نەوەی نوێ و کۆمەڵ).
کاندیدە دیارەکان
سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ، ململانێ سەرەکییەکە لە نێوان ئەم ناوانەدایە:
• نزار ئامێدی: کاندیدی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
• د. موسەنا ئەمین: کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن (یەکگرتوو، کۆمەڵ، هەڵوێست).
لە ناوەندە سیاسییەکاندا دوو ڕای جیاواز هەیە؛ بەشێکیان پێیان وایە بەهۆی گوشارەکانەوە نیساب تەواو دەبێت و سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت. لە بەرامبەردا، بەشێکی تر پێیان وایە لەم بارودۆخە ناسەقامگیرەی عێراق و بەهۆی بایکۆتی پارتی و دەوڵەتی یاسا، زۆر ئەستەمە پەرلەمان بتوانێت ٢٢٠ پەرلەمانتار لەناو هۆڵەکەدا کۆبکاتەوە، ئەمەش واتا شکستی دانیشتنەکە و دواخستنی بۆ کاتێکی نادیار.