هەرێم نیوز
سەرۆکی فراکسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە چوارچێوەی هەماهەنگی تەنیا ١٥ ڕۆژی لەبەردەمە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران، و جەختیش دەکاتەوە کە بڕیارەکە بە تەوافوق دەبێت نەک بە زۆرینە.
ئەمڕۆ شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، عودەی عەواد، سەرۆکی فراکسیۆنی سادقون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کە پرسی ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ئەرکی سەرشانی چوارچێوەی هەماهەنگییە و ماوەی ١٥ ڕۆژیش بەسە بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە.
عودەی عەواد ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دیاریکردنی ئەم ماوەیە فشارێکی گەورە لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی دروست دەکات، بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی تەوافوقی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران.
لە کۆتاییدا سەرۆکی فراکسیۆنی سادقون ڕوونیکردووەتەوە، کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگی، بڕیاردان لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران و پرسە چارەنووسسازەکان بەشێوەی "تەوافوق" دەبێت، و پشت بە سیستەمی زۆرینە نابەسترێت.