هەرێم نیوز
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، سێ هەزار و 500 دەریاوان و سەربازی مارێنز دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەرکی گەمارۆدانی ئەو کەشتییانەی پێوەندییان بە بەندەرەکانی ئێرانەوە هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی 4ـی 2026، سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا ئاماژەی بەوە کردووە، گەمارۆدانەکە هەموو ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لەو بەندەرانەوە دەردەچن، بێ گوێدانە ئەوەی کەشتیی چ وڵاتێکن. ئەم هەنگاوە وەک فشارێکی توند بۆ سەر تاران و بڕینی ڕێڕەوە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمز گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. چاودێران پێیان وایە ڕەوانەکردنی ئەم ژمارە زۆرەی هێزی مارێنز بۆ سنوورە دەریاییەکان، ئاماژەیە بۆ ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە ئەگەر هەر هەوڵێکی شکاندنی گەمارۆکە لەلایەن ئێران یان وڵاتانی دیکەوە.