هەرێم نیوز
وڵاتانی ئەمریکا، لوبنان و ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دەستپێکردنی دانوستانە ڕاستەوخۆکان و ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئاستبەرز لەنێوان شاندەکانی ئیسرائیل و لوبنانیان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی 4ـی 2026، میدیاکان دەقی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، واشنتن پشتگیریی خۆی بۆ پلانی حکومەتی لوبنان دەربڕیوە بۆ ئەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و کۆتایی بە هەژموونی ئێران لەو وڵاتە بهێنرێت.
لە بەرانبەردا، لایەنی لوبنانی داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گرتنەبەری ڕێکاری خێرا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی دەکات.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتن داوا دەکات ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕ دەبێت لەژێر چاودێریی ئەودا بێت و پێشی وایە مافی ئیسرائیلە بەرانبەر چەکدارانی حیزبوڵا بەرگری لە خۆی بکات.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم دانوستانانە ڕێگە بۆ ناردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناو خاکی لوبنان خۆش بکەن، کە بەهۆی ململانێکانەوە تووشی قەیرانێکی دارایی و مرۆیی قووڵ بووەتەوە.