هەرێم نیوز
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی ئەنبار و کەرکوک، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکان زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، بارەگاکانی لیوای ١٣ (ئەلتفوف) لە شاری "قایم" لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، کەوتوونەتە بەر هێرشێکی "ئەمریکی – زایۆنی".
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حەوت هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو بارەگایانە ئەنجامدراون، بەڵام تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە و تەنها زیان بە باڵەخانەی بارەگاکان گەیشتووە.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئەنبار، لە سنووری پارێزگای کەرکوکیش دوو پێگەی دیکەی حەشدی شەعبی کرانە ئامانج. بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان، فڕۆکە جەنگییەکان دوو پێگەی سەر بە لیوای ١٦ی حەشدیان لە ناحیەی "تازە" و ناوچەی "بەشیر" لە باشووری کەرکوک بۆردومان کردووە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ئاڵۆزی بووەتەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) زۆر جار ئەم جۆرە هێرشانە وەک وەڵامێک بۆ بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا پێناسە دەکات.