دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

تڕەمپ: 8٪ـی مووشەکەکانی ئێران ماون و تەواوی دوورگەی خارگمان وێران کردووە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان سەرقاڵی لەناوبردنی ژێرخانی پیشەسازیی ئێرانن و بەتایبەت ئەو توانایانە دەکەنە ئامانج کە هەڕەشە لە کەشتییەکانی ناو گەرووی هورمز دەکەن. ئاشکرای کرد کە جگە لە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت، تەواوی دوورگەی خارگیان وێران کردووە و دەشتوانن لە هەر کاتێکدا بێت بۆرییەکانیش لەناو ببەن.

ترەمپ جارێکی تر داوای لەو وڵاتانە کرد کە نەوتیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ دەچێت، یارمەتی ئەمریکا بدەن بۆ کراوە هێشتنەوەی ئەو ڕێڕەوە. ئەو ڕەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە بۆ ماوەی 40 ساڵە ئەمریکا پارێزگارییان لێ دەکات، بەڵام ئێستا ئامادە نین لە پاراستنی بازرگانیی جیهانیدا بەشدار بن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە زۆرێک لە وڵاتانی تر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییەکان. تڕەمپ وتی: "ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ گەرووی هورمزی وەک چەکێکی ئابوری بەکارهێناوە، بەڵام چیتر ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن."

ترەمپ بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ئێرانییەکان دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن و ئێستا لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدان. هاوکات سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە هەڵوێستی بەریتانیا کە ئامادە نییە بەشداری لە جەنگی دژی ئێراندا بکات یان ناوە فڕۆکەهەڵگرەکانی بنێرێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، تڕەمپ وتی: "ئێمە بە توندی لە ئێران دەدەین و ئەمڕۆ ئەو شوێنانە دەکەینە ئامانج کە پەیوەندییان بە گەرووی هورمزەوە هەیە." بانگەشەی ئەوەشی کرد کە تەنیا 8٪ـی مووشەکەکانی ئێران لە کۆگاکاندا ماون و تاران پێویستی بە 10 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لەدەستی داون، بونیاد بنێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP