دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

​کیەر ستارمەر: نابێت جەنگی ئێران ببێتە دەستکەوت بۆ ڤلادیمێر پوتین

هەرێم نیوز

کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە پەرەسەندنەکانی شەڕی ناوچەکە ڕاگەیاند و بە توندی جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت جەنگی ئێران ببێتە هۆکارێک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت بۆ ڤلادیمێر پوتین.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 3ـی 2026، کیەر ستارمەر لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ناوچەکە و ئاشکرای کرد کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران، هەزاران سەربازیان لە قوبرس جێگیر کردووە و سێ فڕۆکەی جەنگیشیان خستووەتە کار.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا باسی لە کێشەی پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت بە خێرایی پلانێکی کردەیی و تۆکمە بۆ ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا دابنرێت.

هەرچەندە ناوبراو دانی بەو ڕاستییەشدا نا کە کردنەوەی گەرووی هورمز کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دڵنیایی دا کە لە ئێستادا بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییانەدا.

سەبارەت بە قۆناغی دوای ململانێکان، ستارمەر ڕوونی کردەوە کە دوای کۆتاییهاتنی ئەم شەڕە، وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی پێویستیان بە ڕێککەوتنێکی نوێی دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەبێت بۆ زامنکردنی ئارامی و سەقامگیری.

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی وردە بۆ یارمەتیدان و پاراستنی ئەو هاووڵاتییە بەریتانییانەی کە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان و بەهۆی فراوانبوونی جەنگەکەوە پێویستیان بە هاوکارییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP