هەرێم نیوز
کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە و لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکانی تاران بە ڕێژەی لەسەدا نەوەد کەم بوونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 3ـی 2026، کارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ چەندین سەرکردەی جیهان سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز گفتوگۆی کردووە.
لەم چوارچێوەیەشدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، کۆشکی سپی بە فەرمی داوا لە تەواوی وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ دەکات کە دەستوەردانی خێرا بکەن و بەشدارییەکی کارا لە پرۆسەی کردنەوەی گەرووەکەدا بکەن.
گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی ئاویی زۆر تەسک و ستراتیژییە لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتی عومان کە نزیکەی لەسەدا بیستی دابینکردنی نەوتی تەواوی جیهانی بەناویدا تێدەپەڕێت و ئێستا بەهۆی جەنگەوە داخراوە.
وتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەمریکا بەردەوامە لە لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و بە تەواویش هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لەناو دەبەن تاوەکو مەترسییەکانیان نەمێنێت.
هەر لە درێژەی لێدوانەکەیدا کارۆلاین لیڤیت ڕوونیشی کردەوە کە هێرشەکانی هێزی دەریایی ئێران بە ڕێژەی لەسەدا نەوەد پاشەکشەیان کردووە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە حەوت هەزار ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە واشنتن سەرنجی تەواوی خستووەتە سەر بەردەوامبوونی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.