هەرێم نیوز
کەناڵی "کان"ی ئیسرائیلی ناوەڕۆکی نامەیەکی نهێنی بزووتنەوەی حەماسی بۆ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا کرد، کە تێیدا داوای پەرەپێدانی هێرشەکان و چالاککردنی سەرجەم بەرەکانی جەنگ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، حەماس هاوشانی نامە فەرمی و دیپلۆماسییەکەی، نامەیەکی تری بە "زمانی جەنگ" بۆ خامنەیی ناردووە. لە نامە نهێنییەکەدا هاتووە کە دەبێت لەژێر سایەی ڕێبەرایەتی نوێ و بە هاوکاری "بەرەی مقاوەمە" لە لوبنان، یەمەن و عێراق، هەموو بەرەکان بە ڕووی ئیسرائیلدا بکرێنەوە بۆ تۆمارکردنی "سەرکەوتنی گەورەتر".
هەر لەو نامەیەدا، حەماس جەختی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر چەکەکانی ناکات و بە توندی هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کەنداو کە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل داوە.
بزووتنەوەکە داوای کردووە گرژییە ناوچەییەکان لە چەندین قۆڵەوە و بە شێوەیەکی هاوکات چڕتر بکرێنەوە.