هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین پەیامیدا ڕایدەگەیەنێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەواوی ئێرانی تێکشکاندووە و داواش لەو وڵاتانە دەکات کە نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هاوردە دەکەن، خۆیان بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەو ڕێڕەوە بگرنە ئەستۆ.
ئەمڕۆ شەممە 14ـی 3ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی توانیویەتی لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سەرجەم بوارەکانی دیکەوە بە تەواوی زاڵ بێت و ئێران تێکبشکێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتانەی جیهان کە پشتبەستوون بەو نەوتەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و داوایان لێ دەکات کە دەبێت زۆر بە باشی ئاگاداری ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بن.
لە درێژەی پەیامەکەیدا ترەمپ بەڵێنی داوە کە ئەمریکا هاوکارییەکی زۆری ئەو وڵاتانە دەکات بۆ پاراستنی گەرووەکە و بە تەواویش هەماهەنگییان لەگەڵدا دەکات، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کە هەموو کارەکان بە خێرایی و بە هێمنی و بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێوە بچن و مەترسی لەسەر بازاڕەکانی وزە دروست نەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پاراستنی ئەو ڕێڕەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان دەبوایە هەمیشە وەک هەوڵێکی بەکۆمەڵ و هاوبەش بوایە و لەمەودواش بەو شێوەیە دەبێت، چونکە پێی وایە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی تەواوی جیهان لەپێناو بەدیهێنانی ئاهەنگی و ئاسایش و ئاشتییەکی هەمیشەیی.