دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

قالیباف: ئەمریکا هەمووان دەکاتە قوربانی ئیسرائیل

هەرێم نیوز

محەممەد باقر قالیباف هێرشی توند دەکاتە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و ڕایدەگەیەنێت کە بنکە سەربازییەکانی واشنتن بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری، هاوکات هۆشداریش دەداتە ئەو وڵاتانەی پشت بە ئەمریکا دەبەستن.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی 3ـی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (ئێکس) نووسیویەتی کە جەنگەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیان سەلماندووە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا نەک هەر پارێزگاری لە هیچ وڵاتێک ناکەن، بەڵکوو خۆیان بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و مەترسیدار بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

قالیباف لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاندووە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنیا لەسەر بنەمای پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەسەر هەموو لایەکدا داڕێژراوە، بۆیە واشنتن ئامادەیە هەموو وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی بکاتە قوربانی تەنیا لەپێناو پاراستنی ئیسرائیلدا، چونکە جگە لەو قەوارەیە هیچ لایەنێکی دیکەی بۆ گرنگ نییە و حسابیان بۆ ناکات.

لە پەیامێکی توند و ڕەخنەئامێزیشدا بۆ ئەو وڵاتانەی لە کاتی تەنگانە و قەیرانەکاندا پشت بە واشنتن دەبەستن، ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران وتوویەتی هەر کەسێک بە پۆشاکی ئەمریکا خۆی دابپۆشێت لە ڕاستیدا ڕووتە، کە ئەم دەربڕینەش وەک ئاماژەیەک بۆ بێوەفایی و بێباکی ئەمریکا بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی بەکارهێنراوە کە تێیدا تەنیا بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئیسرائیل دەپارێزێت و دەستبەرداری ئەوانی دیکە دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP