دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

رۆیتەرز: واشنتن و تاران هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگ ڕەتدەکەنەوە

هەرێم نیوز

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرجەم ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەتدەکەنەوە کە بەمەبەستی ڕاگرتنی ئەو جەنگە دەستیان پێکردووە کە ماوەی دوو هەفتەیە بە هێرشێکی ئاسمانیی گەورەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەردوولا خۆیان بۆ ململانێیەکی درێژخایەن ئامادە دەکەن.


ئەمڕۆ شەممە 14ـی 3ـی 2026، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە واشنتن هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان ڕەتکردووەتەوە، لە بەرامبەریشدا دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تاران ئەگەری هەر جۆرە ئاگربەستێکی ڕەتکردووەتەوە تا ئەو کاتەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەواوی کۆتاییان دێت.

بە گوێرەی ئاژانسەکە، نەبوونی ئارەزووی گفتوگۆ لەلایەن واشنتن و تارانەوە لە کاتێکدایە کە فراوانبوونی جەنگەکە قوربانییەکی زۆری مەدەنی لێکەوتووەتەوە و داخستنی گەرووی هورمزیش لەلایەن ئێرانەوە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشەکانی شەوی هەینیی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی خارگ کە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، پێداگریی ترەمپی بۆ بەردەوامیدان بە هێرشە سەربازییەکان دەرخست و لە بەرامبەریشدا مۆجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران بەڵێنی داوە گەرووی هورمز بە داخراوی بهێڵێتەوە و هەڕەشەی چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ کردووە.

بەپێی ئامارەکان تا ئێستا جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە دوو هەزار کەس کە زۆربەیان لە ناوخۆی ئێرانن و گەورەترین پچڕانی دابینکردنی نەوتیشی دروستکردووە بەهۆی وەستانی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز کە پێنجەمی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، هەر بۆیەش وڵاتی عومان کە پێشتر نێوەندگیریی دەکرد چەندین جار هەوڵیداوە هێڵێکی پەیوەندی بکاتەوە، بەڵام کۆشکی سپی بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئارەزووی گفتوگۆی نییە و دەیەوێت لەسەر لاوازکردنی تواناکانی تاران بەردەوام بێت.

هەرچەندە ترەمپ لە یەکەم هەفتەی جەنگەکەدا ڕایگەیاندبوو کە سەرکردایەتیی ئێران بەهۆی گورزەکانەوە دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن بەڵام ئیتر کات نەماوە، لای خۆشیانەوە سەرچاوە ئێرانییەکان ئاشکرایان کردووە کە تاران هەوڵەکانی چەندین وڵاتی بۆ نێوەندگیری ڕەتکردووەتەوە تا ئەو کاتەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان دەوەستێنن و داواکارییەکانی ئێران جێبەجێ دەکەن کە پێکهاتووە لە کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە هێرشەکان و قەرەبووکردنەوەیان وەک بەشێک لە ئاگربەستەکە، لە کاتێکدا میسریش هاوشێوەی عومان هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی چڕ کردووەتەوە.

لە ناوخۆی ئەمریکاشدا کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر بازاڕی نەوت تێچووی زۆری بۆ واشنتن دروستکردووە و هەندێک لە ڕاوێژکارانی ترەمپ داوای کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە زیانی سیاسیی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوپای پاسدارانی ئێران پێیان وایە ئەگەر کۆنترۆڵی گەرووی هورمز لەدەست بدەن ئەوا جەنگەکە دەدۆڕێنن، بۆیە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی هیچ ئاگربەست و گفتوگۆیەک ناکەن و سەرکردە سیاسییەکانی ئێرانیش سەرەڕای هەوڵی وڵاتان بەشداری لەو جۆرە دانوستانانەدا ناکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP