هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ"
رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکی لەناوبردنی تەواوەتی رژێمی کۆماری
ئیسلامیی ئێرانە لە رووی سەربازی، ئابووری و هەموو بوارەکانی دیکەوە.
ترەمپ رەخنەی
توندی لە رووماڵی میدیاکان، بە تایبەت رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" گرت و
وتی ئەگەر راپۆرتەکانی ئەو میدیایە بخوێنرێتەوە، رەنگە وا هەست بکرێت ئەمریکا لەم
جەنگەدا سەرکەوتوو نییە. ناوبراو جەختی کردەوە کە هێزی دەریایی ئێران لەناوچووە و
هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتەش چیتر بوونی نەماوە.
بە وتەی چل و
حەوتەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا، مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەموو تواناکانی
دیکەی سەربازی ئێران لە حاڵەتی لەناوبردندان و سەرکردەکانی ئێرانیش "لە
لاپەڕەی رۆژگار سڕاونەتەوە".
ترەمپ ئاماژەی
بەوە کرد کە ئەمریکا خاوەنی هێزێکی ئاگرینی بێوێنە، تەقەمەنی بێسنوور و کاتی
پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بەم کارە. وتیشی: "سەیری ئەوە بکەن ئەمڕۆ چی بەسەر
ئەو کەسە شێت و نزمەکاندا دێت."
لە کۆتایی
پەیامەکەیدا، ترەمپ باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی ئێران لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا لە سەرانسەری جیهان
خەڵکی بێتاوانیان کوشتووە، وتی: "ئێستا من وەک سەرۆکی ئەمریکا خەریکی
لەناوبردنیانم و جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە شانازییەکی گەورەیە بۆ من."