هەرێم نیوز
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە پەیامێکی تونددا ڕایدەگەیەنێت کە کۆتاییان بە ڕژێمی ئێران هێناوە و جەختیش لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026، پیت هێگزێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن پەیامێکی گرنگی بڵاوکردەوە.
هێگزێت سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هاوکێشەکان بەتەواوی گۆڕدراون.
ناوبراو وتی: "ئەو ڕژێمەی ساڵانێک دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیلی دەوتەوە، ئێستا ئێمە مەرگمان وەک دیاری بۆ بردوون."
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە هەرچەندە جەنگەکە بە ناو بۆ گۆڕینی ڕژێم نەبووە، بەڵام لە واقیعدا ڕژێمەکە بە دڵنیاییەوە گۆڕاوە.
هەروەها هۆشداریی دا کە ئەوان بڕیار لەسەر مەرج و بارودۆخی ئەم جەنگە دەدەن لە دەستپێکەوە تاوەکو کۆتایی، و خواستەکانیشیان واقیعبینانەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پیت هێگزێت باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان کرد و دڵنیایی دا کە شانبەشانی هەرێم دەمێننەوە.
وەزیری بەرگری سوپاسی تواناکانی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیاندا.
ئەم پەیامەی واشنتن لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەیانی شەممەوە هێرشە چڕەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە.
لەو ماوەیەشدا چەندین جار هەولێر کراوەتە ئامانجی درۆن و مووشەک، بەڵام سەرجەمیان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە پووچەڵ کراونەتەوە.