هەرێم نیوز
کۆمپانیای "گەلف کیستۆن"ی بەریتانی، کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی ئازاری ٢٠٢٦، ڕایگەیاند کە بەهۆی پەرەسەندنی بارودۆخی سەربازی لە ناوچەکە و هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرجەم کارەکانی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە.
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە وردی چاودێریی گۆڕانکارییە خێراکان دەکەن و بڕیاری وەستاندنی کارەکانیان تەنیا بۆ دڵنیابوونەوەیە لە سەلامەتیی شوێنەکە. گەلف کیستۆن جەختی کردەوە: "تا ئێستە هیچ زیانێک بەر کێڵگە نەوتییەکان نەکەوتووە، تەنیا مەبەستمان گرتنەبەری ڕێکاری پێویستە بۆ پاراستنی گیانی سەرجەم کارمەندەکانمان."
ڕاگرتنی کارەکانی ئەم کۆمپانیایە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دۆخێکی یەکجار نائارامدایە. گەلف کیستۆن ڕایگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندنی دۆخە ئەمنییەکە و هەر پێشهاتێکی نوێ هەبێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە کە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، فشارێکی زۆر دەخاتە سەر کۆمپانیاکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری هەیە تێچووی دڵنیایی (Insurance) و بەرهەمهێنانی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە.