دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەزڵوم عەبدی: ئەگەر رێککەوتن سەرنەگرێت تا کۆتایی شەڕ دەکەین

هەرێم نیوز 

فەرماندی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی PBS ی ئەمریکی دەڵێت: ئێمە ئۆتۆنۆمیمان دەوێت، بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستاوە، مەرجی حکومەتی دیمەشق بۆ قبووڵکردنمان تەنیا بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێییە، تاوەکو تێیدا کورد بتوانێت ناوچەکانی خۆی بەڕێوەببات و ناسنامەی کوردی بپارێزێت.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە بەرنامەی News Hour کە شەوی ڕابردوو یڵاوکراوەتەوە  ڕایگەیاند”ئەم رێککەوتنە باشترین ئەنجامی گونجاو بوو لەم هەلومەرجەی ئێستادا، ئێمە ناڵێین باشترین رێککەوتن بوو بۆ کورد، بەڵام بۆ زامنکردنی ئاگربەست، چەسپاندنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەڕێگەی گفتوگۆوە، قبووڵکردنی رێککەوتنەکەی کردە بژارەیەک”.

سەبارەت بە پرسی ئۆتۆنۆمی کورد لە سوریا مەزڵوم عەبدی وتی “ئێمە ئۆتۆنۆمیمان دەوێت، بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستاوە، مەرجی حکومەتی دیمەشق بۆ قبووڵکردنمان تەنیا بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێییە، تاوەکو تێیدا کورد بتوانێت ناوچەکانی خۆی بەڕێوەببات و ناسنامەی کوردی بپارێزێت”، دڵنیایی دا ئەگەر رێککەوتنەکە هەڵبوەشێتەوە، ئەوان مەحاڵە دەستبەرداری ناوچە کوردییەکان ببن و تا کۆتایی شەڕ دەکەن.

فەرماندەی گشتی هەسەدە لەبارەی ناسنامەی کورد لە سووریا ڕایگەیاند “من دوو ناسنامەم هەیە، سووریبوون و کوردبوون، لە بنەڕەتدا کوردم و شانازی بە هەردووکیانەوە دەکەم. ئێمە دەمانەوێت سووریا ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام هاوکات دەشمانەوێت ناوچە کوردییەکان گەشە بکەن و ببووژێنەوە، هەروەها کورد رۆڵی سەرەکیی خۆی لەنێو وڵاتەکەدا هەبێت”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەمریکا پشتی تێکردوون، مەزڵوم عەبدی دەڵێت “کاتێک هێرشێکی گەورە کرایە سەر ناوچەکانمان و خەڵکێکی زۆرمان لێ کوژرا، هەڵوێستی ئەمریکا هێندە بەهێز نەبوو کە هێرشەکە رابگرێت. بۆیە بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە، بێهیواییەکی بەربڵاو لەنێو گەلەکەماندا هەیە”.

فەرماندەی گشتی هەسەدە هۆشداری دا لە سەرهەڵدانەوەی داعش و دەڵێت: “داعش هێشتا زۆر بەهێزە و بەرەبەرە دەستیشی بە گەورەترین شارەکانی سووریا گەیشتووە. ئەگەر شەڕی دژی داعش بە تووندی بەردەوام نەبێت، رێکخراوەکە جارێکی دیکە دەبێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر جیهان”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP