دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: پڕۆژەی هەولێر - گۆمەسپان بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی جێبەجێ کراوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای دووسایدی هەولێر - گۆمەسپانی کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پاراستنی ژیانیانە؛ داواشی لە شۆفێران کرد بە پابەندبوون بە ڕێنماییەکان، چێژ لە سروشتی جوانی کوردستان وەربگرن.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - گۆمەسپانی بە ڕووی هاووڵاتییاندا کردەوە. سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار (هێمن گرووپ) کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی و لە کاتێکی پێوانەییدا.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕێگەیە پێشتر جێگەی مەترسی بووە بۆ شۆفێران، بەڵام ئێستا بەم شێوازە مۆدێرنە، نەک تەنها کات بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێنێتەوە، بەڵکو سەلامەتیی گیانیشیان دەپارێزێت. وتیشی: "ئێمە سەربەرزین کە لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای وامان هەیە بتوانن پڕۆژەی وا گەورە بەم ئاستە بەرزە جێبەجێ بکەن."

سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر گرنگیی جوگرافیی ڕێگاکە و ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە پردێکی گرنگ بۆ بەستنەوەی هەولێر بە گۆمەسپان، دۆڵی سماقوولی، کۆیە و سلێمانی، هەروەها ئاسانکارییەکی گەورە بۆ گەشتیاران دەکات تاوەکو سەردانی ناوچە دڵڕفێنەکانی دەوروبەری بەنداوی گۆمەسپان بکەن، بەتایبەت لەم وەرزەدا کە سروشتی کوردستان بەهۆی بارانبارینەوە سیمایەکی جوانی گرتووە.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی داوایەکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و وتی: "داواکارم ڕێنماییەکانی هاتووچۆ لەبەرچاو بگرن و بۆ پاراستنی ژیانی خۆتان و هاووڵاتییان، خێرا ئۆتۆمبێل لێنەخوڕن."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP