هەرێم نیوز
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری گرانکردنی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت سەرجەم کۆمپانیاکانی هەرێم ناگرێتەوە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەو کۆمپانیایانەیە کە گرێبەستیان لەگەڵ بەغدا هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026، دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت دابین دەکەن و مۆڵەتی حکومەتی هەرێمیان هەیە، بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی عێراق نایانگرێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە زیادکردنی نرخەکە تەنیا بۆ کۆمپانیاکانی (ئاسیاسێڵ، کۆڕەک تیلیکۆم و زەین) دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە باسی لەوەش کرد کە ئەو کۆمپانیایانەی مۆڵەتی هەرێمیان هەیە، بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتەکەیان کار دەکەن و هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخ و جۆری پاکێجەکانیاندا ناکرێت.
جەختیشی لەوەش کردەوە کە بڕیارەکە بەتەواوی پەیوەستە بەو کۆمپانیایانەوە کە گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵ بەغدا واژۆ کردووە.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم دوای ئەوە دێت کە حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە ڕێژەی لەسەدا 20 باج بخاتە سەر کارتی پڕکردنەوەی مۆبایل و ئینتەرنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لەسەر گیرفانی هاووڵاتیی.