نوسینى : پاتریک کڵاوسون: بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک
وەرگێڕانى: هەرێم نیوز
بەدەر لەوەی ترەمپ چی دەڵێت دەربارەی ئەگەری گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکی باش" لەگەڵ ئێران، خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی کردەی سەربازیی دوای چەندین هەفتە لە هۆشداری توندی ئەمریکا، تاران قەناعەت پێدەکات کە دەتوانێت ترس و تۆقاندن بخاتە دڵی حکومەتەکانی دیکەوە.
لە پاڵ ئەو شیکارییە گرنگانەی پەیوەستن بە بژاردەکانی وەشاندنی گورز و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکان لە حاڵەتی هێرشی دووبارەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، شایانی ئەوەشە بیر لەو شوێنەوارانە بکرێتەوە کە لە ئەنجامی خۆپاراستنی ئەمریکا لە وەشانی گورزەکە دێنە ئاراوە.
ئەم بابەتە گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاپۆرتە جیاوازانەی باس لەوە دەکەن کە گفتوگۆ فرەلایەنەکانی، لەوانەیە تەنها جەخت لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان بکاتەوە، نەک ئەو کۆمەڵە پرسە فراوانەی کە تەوەری سەرەکی سیاسەتی ئەمریکان بەرامبەر ئێران. ئەم پرسانە لە نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤەوە دەستپێدەکەن -کە وای لە ترەمپ کرد هەڕەشەی هێرشی سەربازی بکات- تا دەگاتە نیگەرانییە ئەمنییە درێژخایەنەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی موشەک و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.
بەدەر لە پێشهاتەکان، شێوازی کارکردنی ڕابردووی ترەمپ بە توندی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو پەلە دەکات لە بانگەشەکردنی سەرکەوتن و گرێدانەوەی ڕاستەوخۆی بە هەڕەشەکانی بۆ بەکارهێنانی هێز. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدارەی ئەمریکا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە لە وێناکردنی هەر هەنگاوێکی بچووک کە لە خولی نوێی گفتوگۆکان بێتە کایەوە وەک "سەرکەوتن بۆ ئەمریکا". ئەگەری زۆرە گەلی ئێران، سەرکردەکانی ڕژێم و چاودێرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەراوردکاری بکەن لە نێوان ئەم بانگەشانە و ئەو تێڕوانینەی دەڵێت: ئامانجی ڕاستەقینەی ئەمریکا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، کە دوورە لەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕووبدات. بۆیە، پێویستە بەرپرسانی ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە گومانەکان فراوانتر بن سەبارەت بەوەی ئایا تاران -یان واشنتۆن لەم حاڵەتەدا- پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی سەرەتایی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بێتە ئاراوە.
ترس لە تواناکانی ئێران
تاران هۆکاری باشی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بڕوا بکات دەتوانێت ترس بخاتە دڵی حکومەتەکانی دیکەوە. لە مانگی ڕابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ئێستادا هێرش ناکاتە سەر ئێران. چەندین حکومەتی دیکەی ناوچەکەش -لەوانە میسر، عومان، قەتەر و عەرەبستانی سعوودی- جەختیان لە پاڵپشتی هەڵوێستی تەلئەبیب کردەوە لە هاندانی ئەمریکا بۆ ئەنجامنەدانی هێرش لە ئێستادا. ڕیاز و ئیماراتیش بە ئاشکرا بەکارهێنانی کایەی ئاسمانی یان خاکەکەیان بۆ هەر کردەیەکی سەربازی هێرشبەرانە دژی ئێران ڕەتکردەوە؛ ئەمە بە پێچەوانەی بێدەنگییان بوو پێش جەنگی دوازدە ڕۆژەی هاوینی ڕابردوو، کە تێیدا واشنتۆن دامەزراوەکانی ئەو دوو وڵاتەی بۆ ئەو هەڵمەتە بەکارنەهێنا، ئەوەش وەک دەوترێت لەسەر داوای خۆیان بووە.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ڕاستی پێکاوە کاتێک نووسیویەتی: "بەرپرسانی ئیسرائیل و عەرەب دەترسن ئێران بە لێدانی وڵاتەکانیان وەڵام بداتەوە". بەواتایەکی دیکە، ئەگەر ئەمریکا گورزوەشاندن بۆ سەر ئێران هەڵببژێرێت، مەنتقی دەبێت بۆ تاران بگاتە ئەو ئەنجامەی کە توانای سەربازیی و بەتایبەت موشەکەکانی، فاکتەرێکی گرنگ بوون لەم بڕیارەدا.
لە ڕاستیدا، هۆشدارییەکانی هاوپەیمانان دەربارەی مەترسییەکانی هێرشێکی دیکە، لە تاران بە گەرمی پێشوازی لێکرا. بە پێچەوانەی تێڕوانینەکانی ئەمریکا، بەرپرسانی ئێران لە هەموو ئاستەکاندا بە دەنگی بەرز و بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە کردەوە تۆڵەسێنە ڕاستەوخۆکانیان لە کاتی جەنگی دوازدە ڕۆژەدا زیانی گەورەی گەیاندووە. هەرچەندە زۆرێک لەم لێدوانانە ڕەنگە زیادەڕۆیی تێدا بێت، بەڵام یەکێک لە بەڵگە سەرەکییەکانیان حاشاهەڵنەگرە: ئەویش ئەوەیە کە ئێران هەرگیز ساڵی ڕابردوو داوای ڕاگرتنی شەڕی نەکرد، بەڵکو ڕاگرتنی شەڕ بڕیارێک بوو کە لایەنی بەرامبەر ئیسسرائیل و ئەمریکا دایان.
هەروەها بەرپرسانی ئێران ڕاست دەکەن کاتێک تێبینی ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل هەرگیز قەبارەی تەواوی ئەو زیانانەی ئاشکرا نەکردووە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە لێی کەوتووە. ئەوەی ئیسرائیل دانی پێدا ناوە ئەوەیە کە تەنها دوو لەو لێدانانە -لەسەر "پەیمانگای وایزمان بۆ زانست" و "پاڵاوگەی حەیفا"- سەدان ملیۆن دۆلار یان زیاتریان بۆ چاککردنەوە تێچووە. سەرەڕای ئەوەش، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خاوەن خانوو لە ئیسرائیل داوای ١.٥ ملیار دۆلار قەرەبوویان کردووەتەوە بۆ ئەو زیانانەی لە هێرشەکانی مانگی حوزەیران کەوتوونەتەوە.
پێدەچێت ئێران وا بڕوا بکات کە کۆگای موشەکەکانی باشترە لە کۆگای سیستەمە دژە موشەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، سەرەڕای داننان بەو زیانە گەورانەی بەر سەکۆی موشەکەکانی کەوتووە. بەپێی چەند شیکارییەکی ئیسرائیلی کە بە نهێنی ئاشکرا بوون، مەزەندە دەکرێت ئێران تا ٨٠٪ی سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی و زیاتر لە دوو لەسێی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی لەدەستدابێت لە کاتی ئاگربەستی هاوینی ڕابردوو؛ ئەم هەڵسەنگاندنانە ئاماژە بەوەش دەکەن کە گورزەکانی ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر زیاتر موشەکیان تێکشکاندووە لەوەی کە ئێران توانیویەتی هەڵیانبدات.
بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران ڕەنگە نیوەی کۆگای موشەکە بالیستییەکانی کە دەگەنە ئیسرائیل، پاراستبێت. بە گشتی، زۆرێک لەو موشەکانەی ماونەتەوە سیستەمی کورت مەودان و بۆ لێدانی ئیسرائیل گونجاو نین، بەڵام دەگەنە ئامانجەکانی وڵاتانی دراوسێ، لەوانە ئەو دامەزراوانەی ئەمریکا بەکاریان دەهێنێت. مەزەندە دەکرێت ئێران پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنابێت لە گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنانی موشەکی دوورمەودا، هەرچەندە بانگەشەکانیان بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان لە پێش جەنگ زیاترە، دوورە لە ڕاستی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ موشەکی بەرگری لە جۆری THAADیان لە کاتی جەنگدا تەقاندووە، ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە ئەگەر بزانین کۆی کۆگای جیهانی ئەم تەقەمەنییانە لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ موشەکدایە و بەرهەمهێنانی ساڵانەشی زۆر خاوە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٣دا تەنها ١١ موشەکی THAAD بەرهەمهێنراوە. پێنتاگۆنیش چەندین جار هۆشداری داوە کە کۆگای موشەکەکانی "پاتریۆت"ی ئەمریکا زۆر کەمترە لەوەی پێویستە بۆ بەرگری لەژێر هەڕەشە جیهانییەکانی ئێستادا. هەرچەندە ئیسرائیل زانیاری لەسەر کۆگای موشەکە دژە موشەکییەکانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام مەزەندەی سەرچاوە جێ متمانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆر بچووکترە لەوەی پێش جەنگ هەبووە.
بە شێوەیەکی گشتی، هۆشدارییەکانی هاوپەیمانان دەربارەی تواناکانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە -تەنانەت لەلایەن ئیسرائیلیشەوە- زۆر شتمان پێ دەڵێت دەربارەی ئەوەی ناوچەکە چۆن سەیری هاوسەنگی هێزی ئێستا دەکات. هەرچەندە واشنتۆن سەرسامە بەو شێوازەی ئیسرائیل جەنگی سەرەتای مانگی حوزەیرانی ڕابردووی پێ بردەوە (لەوانە کوشتنی چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەتۆمی ئێران و کارکردن بێ ڕێگری لە کایەی ئاسمانی ئێراندا)، بەڵام ئەمە هەموو ڕاستییەکە نییە. پاڕانەوەکانی ناوچەکە لە واشنتۆن، نیگەرانییەکی ڕوون نیشان دەدەن سەبارەت بەوەی ئێران دەتوانێت لە خولەکانی داهاتووی شەڕدا چی بکات.
نائومێدی گەلی ئێران
تەنانەت دوای ئەو کۆمەڵکوژییانەی ڕژێم دژی خۆپیشاندەران لە ٨ و ٩ی کانوونی دووەم ئەنجامی دان، سەرۆک ترەمپ هانی ئێرانییەکانی دا بەردەوام بن لە ڕێپێوانەکان. لە ١٣ی کانوونی دووەمدا، لە تویتێکدا نووسی: "ئەی نیشتمانپەروەرانی ئێران، بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی - دامەزراوەکانتان کۆنتڕۆڵ بکەن. هاوکاری لە ڕێگایە بۆتان". هەروەها هۆشداری دا کە ئەوانەی لە پشت "کوشتنی بێسەروبەرن... باجێکی قورس دەدەن"، و بانگەشەی ئەوەی کرد کە "ڕۆژی لێپرسینەوە و تۆڵە لە ڕێیە".
لەژێر تیشکی ئەم لێدوانانەدا، جێی سەرسوڕمان نییە کە زۆرێک لەو ئێرانییانەی ڕقیان لە ڕژێمە -بە تایبەت دوای کۆمەڵکوژییەکانی ئەم دواییە- نەک تەنها هیوایان هەیە، بەڵکو چاوەڕوانی ئەوەش دەکەن ئەمریکا هێرش بکات. جۆرێک لە گرژی لە ناوەوەی کۆماری ئیسلامی هەیە، وەک لەو دەنگۆیانەدا دەردەکەوێت کە دەڵێن هێرشی بیانی لە پشت تەقینەوەکانی ئەم دواییەی شوێنە جیاوازەکان بووە (کە ئێستا بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن و داڕمانی ژێرخانی وڵاتەوە شتێکی باوە). هەروەها دەنگۆی ئەوە بڵاوە کە ئەمریکا بەنیازی تیرۆرکردنی ڕێبەری باڵا عەلی خامنەییە؛ لە کاتێکدا سەرچاوەکانی ڕژێم بە توندی هۆشداری دەدەن لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە، دەنگە میللییەکان هیوا دەخوازن کە ڕووبدات.
ئەگەر ئەمریکا دوای هەموو ئەم هۆشداری و بەڵێن و دەنگۆیانە هیچ کارێک نەکات، زۆر کەس لە ئێران هەست بە نائومێدییەکی زۆر دەکەن. ڕەنگە هەندێک لە شرۆڤەکارانی ڕۆژئاوا ئەم دۆخە بە ساڵی ١٩٩١ (کە واشنتۆن وەک هاندەری عێراقییەکان بۆ ڕووخاندنی سەدام دەبینرا) یان ساڵی ١٩٥٦ (کە بەرپرسانی ئەمریکا ناڕاستەوخۆ هانی هەنگارییەکانیان دا دژی داگیرکاری سۆڤیەت) بەراورد بکەن. بەڵام ڕوونترین بەراوردکاری بۆ ئێرانییەکان ساڵی ٢٠٠٩ دەبێت، کاتێک ئەمریکا کارێکی ئەوتۆی نەکرد بۆ هاندانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کە بەهۆی ساختەکاری هەڵبژاردنەکانەوە سەری هەڵدا. تەنانەت ئەو هاوڵاتییانەی شارەزایی مێژووییان نییە، پێدەچێت نائومێد و تووڕە بن لەوەی قسەکانی ترەمپ نەبوونە کردار، لە کاتێکدا ڕژێم بێگومان پاشەکشەی ئەمریکا وەک "بەڵگەیەک" وێنا دەکات کە واشنتۆن ڕەگ و ڕیشەی قووڵی کۆماری ئیسلامی قبوڵ کردووە.
ئەمە تا چەند گرنگە؟
پێویستە گفتوگۆکانی ئەمریکا دەربارەی هەنگاوی داهاتوو لەسەر تێگەیشتنێکی واقیعی بێت بۆ ئەوەی بزانرێت بڕیار بەدەستانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن سەیری ئەنجامەکانی بەکارهێنانی هێزی ئەمریکا دەکەن لە ڕابردوودا. لە کاتێکدا ڕەنگە واشنتۆن جەنگی دوازدە ڕۆژە وەک کارەساتێکی تەواو بۆ ئێران ببینێت، بەڵام ئەو پەیامانەی لە ئیسرائیل و حکومەتەکانی دیکەوە دێن ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان هێشتا ڕێز لەوە دەگرن کە ئێران دەتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە چی بکات.
بێگومان، ئەم فاکتەری "تێڕوانینە" تەنها یەکێکە لە چەندین توخم کە دەبێت لە کاتی بڕیاردانی ئەمریکا بۆ کردەی سەربازی ڕەچاو بکرێت، و مەرج نییە گرنگترینیان بێت. بۆ نموونە، ئەگەر ڕاوێژکارانی ئەمریکا بڕوایان وابێت کە گورزەکە لە ئێستادا دەستکەوتی زۆری نابێت، باشترە باجی لەدەستدانی ناوبانگ بدەن بەهۆی هێرش نەکردن، نەک باجی لێکەوتە خراپترەکانی وەشانی گورزێکی لاواز یان بێ کاریگەر. ئەگەر سەرۆک ترەمپ بڕیاری دا هێرش نەکات، ئیدارەکەی دەتوانێت زیانەکانی سەر متمانەی سوپای ئەمریکا کەم بکاتەوە لە ڕێگەی تیشک خستنە سەر لایەنە لاوازە بەردەوامەکانی ئێران. هەروەها دەتوانێت چارەسەری نائومێدی گەلی ئێران بکات لە ڕێگەی هەنگاوی ڕوون بۆ پشتگیریکردنی خۆپیشاندەران، وەک گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەهێزتر بۆ یارمەتیدانیان لە پەیوەندیکردن سەرەڕای بڕینی کارەبا و سەرکوتی ڕژێم.
لەلایەکی دیکەوە، کێشە چاوەڕوانکراوەکان لە ئەنجامی لێدوانە پڕدەنگودۆنگەکانی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بەوەی ئایا کردە ئەنجام دەدەن یان نا، و بۆچی، دروست دەبن. شێوازی باو بۆ ئەم جۆرە گورزانە پشت بە بێدەنگی پێشوەختە دەبەستێت، لەگەڵ هۆشداریدانی پشت پەردە بە نەیارەکە کە هێرشەکە نزیکە مەگەر مەرجە دیاریکراوەکان جێبەجێ بکرێن. بەڵام ئەم شێوازە هەمیشە بە دڵی سیاسییەکانی ئەمریکا نییە.
کاتێک ترەمپ نووسی "کات بەرەو تەواوبوون دەچێت... هێرشی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت"، ئەو تەنها نوێترین سەرۆک بوو لە زنجیرەیەک سەرۆکی ئەمریکا کە بە ئاشکرا بریاری گۆڕانکاریی توندیان بۆ نەیارەکانیان دەرکردووە؛ دوایینیان سەرۆک ئۆباما بوو کە لە ساڵی ٢٠١٣دا پێداگری کرد کە بەشار ئەسەد "دەبێت بڕوات" و لە ٢٠١٥دا هۆشداری دا کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی "بەزاندنی هێڵی سوورە".
سەرەڕای ئامۆژگاری ڕاوێژکاران و شرۆڤەکاران بۆ پەیڕەو نەکردنی ئەم جۆرە شێوازە، زۆربەی جار سیاسییەکانی ئەمریکا ئەم وریاییانە فەرامۆش دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاڵنگاریی ئێستا لەوەدایە کە چۆن کاردانەوەکان بەرامبەر ئەنجامنەدانی کردەی سەربازی ئەمریکا بە شێوەیەک دابڕێژرێن کە دەریبخات واشنتۆن هێشتا لایەنی بەهێزە و ئێران لایەنە لاوازەکەیە.