هەرێم نیوز
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕەخنەی توند لە هەڵوێستی ئەمریکا دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت؛ کاتێک سوپای سووریا هێرشی کردە سەریان واشنتن تەنها تەماشاکەر بوو. عەبدی هۆشداریش دەدات کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم کاتەدا، ڕێگە بۆ داعش خۆش دەکات دووبارە دەست بەسەر شارە گەورەکانی سووریادا بگرێتەوە.
مەزڵووم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "PBS"ی ئەمریکی، پەردەی لەسەر چەند ڕاستییەکی تاڵ لادا و ئاشکرای کرد، کە ڕێککەوتنی کۆتایی مانگی یەک "باشترین بژاردە بوو لە نێوان خراپەکاندا" بۆ ئەوەی چیتر خوێنی کورد نەڕژێت و گەرەنتیی ئاگربەست بکرێت.
ئۆتۆنۆمی یان حوکمڕانیی خۆجێیی؟
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دانی بەوەدا نا کە ئەوان خوازیاری ئۆتۆنۆمین، بەڵام دەڵێت: "لەبەر بارودۆخی ئێستا، دیمەشق تەنها حوکمڕانیی خۆجێیی قبوڵە، ئێمە دەمانەوێت کورد ناوچەکانی خۆی بەڕێوەببات و ناسنامەی خۆی بپارێزێت." عەبدی جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە هەرەس بهێنێت، تا کۆتایی بەرگری دەکەن و "مەحاڵە دەستبەرداری ناوچە کوردنشینەکان بین."
مەترسیی گەڕانەوەی داعش
سەبارەت بە هەڕەشە ئەمنییەکان، مەزڵووم عەبدی هۆشدارییەکی توندی دا و وتی: "داعش هێشتا زۆر بەهێزە، ئەگەر شەڕی دژ بەو ڕێکخراوە شل بێتەوە، داعش وردە وردە دەست بەسەر شارە گەورەکاندا دەگرێتەوە و دەبێتەوە بە مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان." عەبدی کشانەوەی ئەمریکای لەم کاتەدا بە "بیرۆکەیەکی خراپ" ناوبرد.
گلەیی لە واشنتن و ناسنامەی کوردی
عەبدی بە دڵشکاوییەوە باسی لەوە کرد کە لە کاتی هێرشە گەورەکەی حکومەتی سووریا بۆ سەر پێگەکانی کورد، ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی نەبوو بۆ ڕاگرتنی هێرشەکە، ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری لە لای خەڵکی ڕۆژئاوا دروست کردووە. لە کۆتاییشدا وتی: "من دوو ناسنامەم هەیە، سووری و کوردی، بەڵام لە کرۆکدا کوردم و شانازیی پێوە دەکەم."