دواین هەواڵ

عێراق‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

نووری مالیکی بێدەنگی دەشکێنێت: هێشتا کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییم و فشارەکان نەیانگۆڕیوم

هەرێم نیوز

دوای بڵاوبوونەوەی چەندین دەنگۆ سەبارەت بە کشانەوەی، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاند کە هێشتا کاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و هیچ بەڵگەیەکیش نییە نیشانی بدات فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان هەڵوێستی هاوپەیمانەکانییان گۆڕیبێت.

محەمەد ساڵح سدقیان، شرۆڤەکار و لێکۆڵەری ئێرانی، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" ناوەڕۆکی گفتوگۆیەکی لەگەڵ نووری مالیکی ئاشکرا کردووە. تێیدا مالیکی جەختی کردووەتەوە کە "ئەوەی لە میدیاکانەوە سەبارەت بە کشانەوەی من بڵاودەکرێتەوە ناڕاستە و من هێشتا کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیم."

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەش داوە، کە سەرەڕای سووربوونی لەسەر کاندیدبوون، بەڵام ملکەچی هەر بڕیارێک دەبێت کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەربچێت، چونکە ئەوان مافی یاساییان هەیە هەر کەسێک بە گونجاو بزانن دەستنیشانی بکەن.

مالیکی لە قسەکانیدا بۆ سدقیان جەختی کردووەتەوە، کە تاوەکو ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی بە کاندیدکردنی ئەوەوە گرتووە و هیچ ئاماژەیەکی فەرمی یان بەڵگەیەکی مەیدانی نییە کە نیشانی بدات فشارە سیاسی و میدیاییەکانی ناوخۆ و دەرەوە (ئاماژە بۆ فشارەکانی ئەمریکا) توانیبێتیان هەڵوێستی لایەنە شیعەکان بەرامبەر بە کاندیدکردنی ئەو بگۆڕن.

ئەم لێدوانەی مالیکی لە کاتێکدایە کە پێشتر چەندین سەرچاوەی هەواڵی ئاماژەیان بەوە دابوو، کە واشنتن مۆڵەتی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی دیاری کردووە تاوەکو دەستبەرداری مالیکی ببن لە ترسی سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP