هەرێم نیوز
نووری مالیکی ڕایدەگەیەنێت کە بە هیچ شێوەیەک نیازی کشانەوەی نییە لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دڵنیاییش لەسەر چەند پرسێکی ئەمنی دەداتە ئەمەریکا.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوباتی 2026، نووری مالیکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) جەختی لە مانەوەی خۆی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران کردەوە. ناوبراو بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کرد کە سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە و بە هیچ جۆرێک پاشگەز نابێتەوە و لە کاندیدبوونی ناکشێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و وەک پەیامێک بۆ واشنتن، مالیکی دڵنیایی دا بە ئەمەریکاییەکان کە لە ئەگەری وەرگرتنی دەسەڵاتدا، چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت و ڕێگە نادات هیچ هێزێکی دەرەوەی یاسا چەکدار بێت.
هاوکات لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، بەڵێنی دا کە ڕێگە بە هیچ هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەدرێت.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەشدا، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتنی بە گرنگ وەسف کرد. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە بۆ بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی عێراق، بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێویستییەکی گرنگە.