هەرێم نیوز
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە بەغدا کۆبوونەوە؛ تیشک خرایە سەر گواستنەوەی چەکدارانی داعش، ڕێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا، و ئامادەکارییەکان بۆ دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان تاران و واشنتن لە جنێڤ.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ٢ی ٢٠٢٦، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە باڵیۆز تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کرد. لە دیدارەکەدا باس لە قۆناغی داهاتووی هەماهەنگییە ئەمنییەکان کرا، بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی داعش بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
نێردەی ئەمریکا ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ گواستنەوەی ئەندامانی داعش لە ناوەندەکانی دەرەوەی وڵات بۆ زیندانەکانی ناوخۆ، کە وەک بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی هەژمار کرا. هاوکات، هەردوولا پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتی سووریا دەربڕی و بە فاکتەرێکی گرنگی ئاسایشی ناوچەکەیان لەقەڵەم دا.
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند: "عێراق بە بایەخەوە دەڕوانێتە خولی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو لە جنێڤ بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوە بچێت." وەزیری دەرەوە دووپاتی کردەوە کە عێراق پشتیوانی ڕێبازی ئاشتییانە دەکات بۆ دوورخستنەوەی
لە تەوەرێکی دیکەدا، پرسی ناوخۆیی و کاندیدانی پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار تاووتوێ کران. فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە پێکهێنانی حکومەت پرسێکی ناوخۆییە، بەڵام "عێراق ڕەچاوی بۆچوونی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات، بەتایبەتی ئەمریکا"، تاوەکو حکومەتی داهاتوو بتوانێت بە شێوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بکات.