دواین هەواڵ

عێراق‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

سودانی گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ ئەمەریکا واژۆ دەکات

هەرێم نیوز

بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوو ڕێککەوتنی سەرەتایی گرنگ لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکانی عێراق و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی چەند کێڵگەیەکی نەوتی واژۆ کران.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوباتی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ڕێککەوتنی یەکەم لە نێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و شیڤرۆنی ئەمەریکییە بۆ گواستنەوەی بەڕێوەبردنی کێڵگەی (ڕۆژئاوای قورنە/2). ڕێککەوتنی دووەمیش لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی زیقار و باکوورە، بە مەبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی ناسرییە و چوار ناوچەی گەڕان لە پارێزگای زیقار، سەرباری پەرەپێدانی کێڵگەی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین.

مەراسیمی واژۆکردنەکە بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا و جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەڕێوە چوو. لە میانەی مەراسیمەکەدا، سودانی جەختی لە گرنگیی ئەم ڕێککەوتنانە کردەوە بۆ تەواوکردنی چاکسازییەکانی کەرتی نەوت و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری و بژێویی دانیشتووانی پارێزگاکانی زیقار و سەڵاحەدین.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کۆمپانیای نەوتی بەسرە و (لوک ئۆیڵ)ی ڕووسی ڕێککەوتنێکی یەکلاکردنەوەیان واژۆ کردووە بۆ گواستنەوەی کاتیی گرێبەستەکە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە و پاکتاوکردنی شایستە داراییەکانی نێوانیان. دواتر بەپێی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی، گرێبەستەکە لە نەوتی بەسرەوە دەدرێتە شیڤرۆن، ئەمەش دوای تەواوبوونی دانوستانەکان و ڕێککەوتن لەسەر خاڵەکانی گرێبەستە نوێیەکە، بەپێی ڕێککەوتنەکەش شیڤرۆنی ئەمەریکی بۆ ماوەی یەک ساڵ مافی قۆرخکاریی دانوستانی دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP