دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی و تۆم باراک کۆبوونەوە

هەرێم نیوز

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە پیرمام، بارزانی پێشوازی لە تۆم باراك نوێنەری ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا كرد. لە دیدارەکەدا باراک رایگەیاندووە، بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراقیش دەبێت سوود لە حیكمەت و ڕێنوێنیی بارزانی وەربگیرێت

لە دیدارەكەدا مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، تۆم باراك وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ بارزانی، پێزانینی بۆ ڕۆڵی بارزانی هەبوو لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات.

ئاماژەشی بەوە دا كە بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراقیش سوود لە حیكمەت و ڕێنوێنیی بارزانی وەربگیرێت. هەروها تۆم باراك جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمەریكا پەیوەندی و شەراكەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

هەر لەو دیدارەدا بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژوو و خەباتی گەلی كوردستان و ئەو تاوان و جینوسایدەی بەرانبەر گەلی كوردستان كراوە و هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە و ویستویەتی كێشەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكرێن.

لەبارەی عێراقیش بارزانی  ئاماژەی بەوەدا كە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی وا دەكات كە عێراق گەشە بكات و بەرەو پێشەوە بچێت و بەرژەوەندیی گەلانی عێراقیش هەر لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێكاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێت و شەراكەتی نێوان ئەمەریكا و عێراقیش ڕەچاو بكرێت.

بارزانی دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی داهاتووی عێراق پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور و بنەماكانی فیدڕاڵیزم بێت و هەروەها لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان یاسا بۆ ئەوە بابەتانە دەربچێت كە هێشتا چارەسەر نەكراون و بۆ داهاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕبایەخن وەك یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماكانی فیدڕاڵیزم لە دەوڵەتی عێراق.

لەبارەی بابەتی سەرۆككۆماریش بارزانی ئەوەی خستەڕوو مادام ئەو پۆستە پشكی گەلی كوردستانە پێویستە میكانیزمێكی شاییستە بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆككۆمار هەبێت كە دەرخەری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت.

سەبارەت بە بابەتی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستیی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەكانی عێراق ڕاشیگەیاند كە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆكوەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت.

پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەكە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و بارزانی هیوای خواست كە كێشەكانی ناوچەكە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و ناوچەكە دوور بێت لە شەڕ و توندوتیژی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP