هەرێم نیوز
ڕاوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن کە سەرۆک مەیلی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی خێرا بۆ سەر ئێران هەیە، هاوکات ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن کە عەلی لاریجانی لە ترسی هەڵگیرسانی جەنگ، پێگەی سەرۆک کۆماری پەک خستووە و ڕاستەوخۆ کاروباری دەوڵەت و دانوستانەکان بەڕێوە دەبات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، دۆناڵد ترەمپ بە ڕاوێژکارەکانی ڕاگەیاندووە کە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران "بە کراوەیی" دەهێڵێتەوە، تەنانەت بژاردەی کردنە ئامانجی ڕێبەری باڵای ئێرانیش لەسەر مێزی گفتوگۆیە، ئەگەر تاران مەرجەکانی واشنتن بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی جێبەجێ نەکات.
هەژموونی لاریجانی و پەراوێزخستنی پزیشکیان
لە لایەکی دیکەوە، "نیویۆرک تایمز" لە زاری نۆ بەرپرسی باڵای ئێرانەوە ئاشکرای کردووە، کە عەلی لاریجانی (٦٧ ساڵ) بووەتە کەسی یەکەمی دۆسیەی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕۆڵی مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری بەتەواوی پەراوێز خستووە. لاریجانی ئێستا سەرپەرشتی سێ دۆسیەی هەستیار دەکات: (دانوستانە ئەتۆمییەکان، پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕووسیا و قەتەر، و بەڕێوەبردنی وڵات لە ئەگەری جەنگ).
خامنەیی لە چاوەڕوانیی "تیرۆرکردن"دا
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، عەلی خامنەیی ڕێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ زامنکردنی مانەوەی ڕژێمەکە، نەک تەنها لەبەردەم هێرشی سەربازی، بەڵکو لە ئەگەری هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکان و خودی خامنەییش لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە، ئەمەش نیشانەی قووڵیی مەترسییەکانە لەلای تاران.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان، کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو خولێکی نوێی دانوستانەکان لە جنێڤ بە نێوەندگیری عومان دەست پێ بکات، بەڵام جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هێشتا تاران ئامادە نییە دان بە "هێڵە سوورەکانی ترەمپ"دا بنێت.