دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل: مووشەکە بالیستییەکان مەترسییان لە چەکی ئەتۆم کەمتر نییە

هەرێم نیوز

بەرپرسێکی باڵای دیپلۆماسیی ئیسرائیل هۆشداری دەدات لەوەی ئێران خەریکی پەرەپێدانی جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکییە کە مەترسییەکەی لە چەکی ئەتۆمی کەمتر نییە و ڕایدەگەیەنێت، تاران ئامانجیەتی ١٠ هەزار مووشەکی بالیستی کە توانای گەیشتن بە ئیسرائیلیان هەبێت، بەرهەم بهێنێت.

ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی ٢ی ٢٠٢٦، بەرپرسێکی باڵای دیپلۆماسیی ئیسرائیل بە پێگەی "ئەلمۆنیتەر"ی ڕاگەیاندووە: "ئێرانییەکان تێگەیشتوون کە مووشەکە بالیستییەکانیان تەنیا هەڕەشەی جددی و کاریگەرن بۆ سەر ئیسرائیل". بەپێی زانیارییەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل، ئێران بەر لە جەنگی غەززە پلانی داڕشتووە بۆ دروستکردنی ١٠ هەزار مووشەکی بالیستیی قورس.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش داوە، هەرچەندە هێرشەکانی ئیسرائیل زیانی زۆریان بە سەکۆکانی هەڵدان و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان گەیاندووە، بەڵام پڕۆسەی بونیادنانەوەی جبەخانەکان لە لایەن تارانەوە زۆر خێراترە لەوەی مەزەندە دەکرا. پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، ئێران خاوەنی پێنج هەزار مووشەکی لەو جۆرە بێت، کە ئەوەش بە لای تەلئەبیبەوە دۆخێکی "تاقەتپڕوکێن و قبوڵنەکراوە".

لەلایەکی دیکەوە، دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل بە گومانەوە لە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانن کە وتبووی "لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا جیهان دەزانێت چی ڕوودەدات". ئیسرائیل دوودڵە لەوەی ئایا ئەوە فێڵێکی تری کۆشکی سپییە بۆ خافڵاندنی تاران پێش هێرشێکی کتوپڕ، یان هەوڵێکە بۆ کڕینی کاتی زیاتر بۆ دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی جنێڤ کە لە نێوان واشنتن و تاراندا بەڕێوە دەچن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP