هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێکی توندی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و ڕایگەیاند؛ زمانی هەڕەشە و هێز بەرامبەر تاران بێسوودە. هاوکات ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی نوێیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، عەباس عێراقچی وەڵامی هەڕەشەکانی کۆشکی سپی دایەوە و وتی: "ئیدارەکانی پێش تۆ لە ڕێگەی زۆردارییەوە هیچیان دەست نەکەوت تا تۆ بتوانیت بەدەستی بهێنیت." جەختیشی کردەوە کە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان و کوشتنی زاناکان نەبووەتە هۆی لەناوبردنی بەرنامەکەیان، چونکە ئێستا پەرەی زیاتریان پێ داوە و "هیچ ڕێگەچارەیەکی سەربازی بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ئارادا نییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە کە کێشەی ئەوان لەگەڵ "گەلی ئەمریکا" نییە، بەڵکو لەگەڵ "سیاسەتە دوژمنکارانەکانی حکومەتی ئەمریکا"یە و هەر کاتێک واشنتن سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، تاران چاو بە پەیوەندییەکانیدا دەخشێنێتەوە. عێراقچی ڕەتیشی کردەوە ئەمریکا داوای وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆمی لێ کردبن و وتی: "ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەوەیە بەرنامەکەمان بە ئاشتییانە بهێڵینەوە."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ٢ی ٢٠٢٦، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە جنێڤ بەڕێوە چوو.
لەمبارەیەوە بەدر بن حەمەد، وەزیری دەرەوەی عوممان، ڕایگەیاند کە پێشکەوتنی باش لە دیاریکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و پرسە تەکنیکییەکاندا بەدەستهاتووە و هەردوولا ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی زیاتر دەکەن.