دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەڵمانیا هۆشداریی بەپەلە دەدات: هاووڵاتیانمان دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشدارییەکی توند و بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات و داوایان لێ دەکات بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ ئێران نەکەن، ئەوانەشی لەوێ نیشتەجێن دەستبەجێ بگەڕێنەوە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ سەر تاران.

ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی ٢ی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بارودۆخی تەناهیی ئێرانی بە "زۆر ناسەقامگیر" وەسف کرد. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە مەترسییەکی جددی لەسەر داخستنی ئاسمانی ئێران هەیە، هەر بۆیە داوا لە ئەڵمانییەکان کراوە پێش پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

بەرلین داواشی لە هاووڵاتیانی کردووە ناوی خۆیان لە لای شانده‌ دیپلۆماسییه‌كان تۆمار بکەن بۆ هەر ئەگەرێکی نه‌خوازراو. ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە میدیاکانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە کاتی وەشاندنی گورزە سەربازییەکەی واشنتن بۆ سەر تاران زۆر نزیک بووەتەوە.

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، چەندین وڵاتی دیکەی ڕۆژئاوا هاوشێوەی ئەڵمانیا داوایان لە هاووڵاتیانیان کردووە لەبەر مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ، خاکی ئێران چۆڵ بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP