هەرێم نیوز
کەناڵی "سی بی ئێس" بڵاویکردەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان رایانگەیاندووە کە بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە دۆناڵد ترەمپیان راگەیاندووە، سوپا ئامادەیە بۆ هێرشی ئەگەریی لە دژی ئێران لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە و کاتی هەرجۆرە کردەیەکی سەربازی ئەگەری هەیە لە هەفتەی داهاتوو بەدواوە بێت.
ئەو بەرپرسانە وتوویانە کە ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە بۆ هێرش کردن یان نەکردن و جەختیان کردەوە کە راوێژکردن لەم پرسە بەردەوامە و چەندین پێشنیاریش خراوەتەڕوو.
چەند سەرچاوەیەک رایانگەیاندووە کە پنتاگۆن بەشێوەی کاتی بەشێک لە کارمەندانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گواستووەتەوە تاوەکو لە ئەگەری هێرشی واشنتن، بتوانن رێگری لە دژەهێرشی ئێران بکەن.
یەکێک لە سەرچاوەکان بۆ ئاژانسەکەی روونکردووەتەوە، جێگۆڕکێ کردن بە کارمەندان، رێکارێکی ستانداردە لە ئەگەری هەر کردەیەکی سەربازی بۆ سەر ئەمریکا و مەرج نییە بەمانای بڕیاری هێرش بۆ سەر ئێران بێت.
هەروەها سەرچاوە ئاگادارەکان بە "سی ئێن ئێن"یان راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا ئامادەیە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە هێرش لە دژی ئێران ئەنجام بدات، بەڵام سەرۆک کۆماری ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی خۆی لەمبارەیەوە نەداوە.
سەرچاوەکان دەڵێن بەهۆی ناردنی هێزی زۆر بۆ ناوچەکە، دەتوانن لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە هێرش دەستپێبکەن، بەڵام ترەمپ لەمبارەیەوە هێشتا بڕیاری نەداوە و "کاتێکی زۆر بۆ بیرکردنەوە لەسەر ئەم پرسە تەرخان دەکات".
ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، ئەمریکا نزیکی جەنگێکی گەورە لەگەڵ ئێران بووەتەوە و ئەمە دەریدەخات کە لە ئەگەری شکستی هەوڵی دیپلۆماتیکی، ئەگەری هەیە ئەم شەڕە بەزوویی رووبدات.
عەباسی عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، ئێران و ئەمریکا لە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە جنێڤ گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەبارەی "بنەماکان" بەڵام هێشتا هەردوولا بابەتی زۆریان هەیە کە لە یەکتر دوورن و دەبێت کاریان لەسەر بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا پێش دانوستانەکان رایگەیاند بەشێوەی "ناراستەوخۆ" لە دانوستانەکانی جنێڤ بەشدارە و وتیشی کە ئێران دەیەوێت بگاتە رێککەوتن.