هەرێم نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەک ئاراستەی خوازیارانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە حکومەتی فیدراڵ بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧، بڕی (١٠٠) کورسی خوێندنی بێبەرامبەری لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ پێشکەشکارانی هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە.
پڕۆسەی پێشکەشکردنی دۆسیەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە زانکۆ دیاریکراوەکان دەبێت و لە ڕێککەوتی ٣ / ٥ / ٢٠٢٦ دەستپێدەکات و تاوەکو ١١ / ٦ / ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت. ئەم دەرفەتە هەردوو توێژی فەرمانبەرانی دامەزراو و کەسانی دانەمەزراو دەگرێتەوە، بەو مەرجەی فەرمانبەران ڕەزامەندی لاری نەبوونی فەرمی لە فەرمانگەکانیانەوە بەدەستبهێنن و مەرجەکانی مۆڵەتی خوێندنیان تێدا بێت.
بەپێی ڕێنماییەکان، پێشکەشکارانی هەرێم دوای سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوەکان، تەنها لە نێوان خۆیاندا کێبڕکێ لەسەر کورسییەکان دەکەن. هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی وەردەگیرێن، دەبێت بەڵێننامەی یاسایی پڕبکەنەوە کە لە ماوەی خوێندنیاندا داوای گواستنەوە یان میوانداری بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ناکەن.