دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆکی پەرلەمان بەڵێنەکەی شکاند

هەرێم نیوز

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان ڕوویدا سەرپێچییەکی زەقی دەستووری بوو و سەرۆکی پەرلەمان بەبێ ڕەزامەندیی جێگرەکەی بڕگەی گۆڕانکارییەکەی خستە بەرنامەی کارەوە، بەمەش پۆستی سوپاسالاری عێراق لە کورد وەرگیرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی 2ی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەوەی ڕوویدا سەرەتایەکی زۆر خراپە بۆ سەپاندنی ئیرادەی زۆرینە بەسەر پێکهاتەکانی دیکەدا.

 شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد کە ئەوان و لایەنە سوننەکان لە دەرەوەی هۆڵەکە بوون و ڕێککەوتن کرابوو کە بچنە ژوورەوە بە مەرجێک هیچ بڕگەیەکی نوێ بۆ بەرنامەی کار زیاد نەکرێت، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەبێ ڕەزامەندیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە کوردە، هەردوو بابەتی سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی شارەوانیی بەغدای خستە بەرنامەوە و دەنگدانەکەی تێپەڕاند.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە پێشێلکردنی ماددەی 36ی دەستوورە و دژ بە پرەنسیپی تەوافوقە. سەبارەت بە پشکەکانی کوردیش ئاماژەی بەوە دا کە نزیکەی حەوت دامەزراوەی ئەمنی هەن کە پلەکانیان وەزیرە و هیچیان بەدەست کوردەوە نین، تەنانەت ئەو پۆستانەی بریکاریش کە هی کورد بوون وەک بریکاری هەواڵگری و ناوخۆ نەماون، بۆیە بردنی پۆستی سەرۆکی ئەرکان لێدانە لە قەبارە و شایستەی کورد لە بەغدا.

لە کۆتایی قسەکانیدا شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد کە هەوڵێک هەبووە بۆ کەمکردنەوەی ئەندامانی کورد لە لیژنەکان بۆ سێ ئەندام، بەڵام ئەوان ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش نەکردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو هەوڵە بکەن، چونکە ئەو ژمارەیە قابیلی قبوڵ نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP