هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، کار بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکانیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سوریا دەکرێت، بەڵام کێشە لەسەر دیاریکردنی ناوی ئەو کەسایەتییە هەیە کە دەبێتە "بریکاری وەزیری بەرگری" لە پشکی ئەوان، وتیشی، لێبوردنی گشتی بۆ ئەو زیندانییانە دەردەکەین کە لە شەڕەکانی ئەم دواییە گیراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی 2ی 2026، مەزڵوم عەبدی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنجومەنی ڕیش سپیانی حەسەکە وردەکاریی نوێی پرۆسەی تێکەڵبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی سوریا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئێستا کار لەسەر دمجکردنی هەسەدە لەنێو وەزارەتی بەرگری دەکرێت، بەڵام تا ئێستا ئیشکالیەتێک لەسەر ناونانی "بریکاری وەزیری بەرگری" ماوە کە بڕیارە پشکەکە بۆ هەسەدە بێت.
سەبارەت بە دامەزراوە مەدەنییەکانیش، عەبدی دڵنیایی دا کە گرنگترین بەشی ڕێککەوتنەکە تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەرە لەگەڵ پێکهاتەی دەوڵەتی سوریا و دامەزراوەکان بە فەرمانبەرەکانیانەوە دەمێننەوە و پرۆسەکەش لە ڕێگەی پارێزگای حەسەکەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وەفدانەی دێن بەڕێوە دەچێت، ئەمەش تەنها بۆ کورد نییە بەڵکو بۆ هەموو پارێزگاکانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە گلەیی لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی بەندە سەربازییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دەبوو لە 2ی شوباتەوە هێزە سەربازییەکان لە بەرەکانی شەڕ بکشێنەوە. ڕوونیشی کردەوە کە لە پارێزگای حەسەکە هێزەکان چوونەتە سەربازگەکان و هێزی ئەمنی شوێنی گرتوونەتەوە، بەڵام پێویستە هێزە سەربازییەکان لە گوندەواری کۆبانێش بکشێنەوە بۆ سەربازگەکان و گەمارۆی سەر ناوچەکە هەڵبگیرێت.
هەروەها، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' رایگەیاند، لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییەکان دەردەکەین.
مەزڵووم عەبدی وتیشی، ئەوانەی لە شەڕەکانی ئەم دواییە دەستگیرکراون ئازاد دەکرێن