هەرێم نیوز
لە وەڵامێکی تونددا بۆ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، کەس ناتوانێت ئێران لەناو ببات و هۆشداریی دا کە سوپاکەیان خاوەنی چەکی کوشندەیە بۆ تێکشکاندنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.
عەلی خامنەئی لە وتارێکدا وەک کاردانەوە بەرامبەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ناردنی بۆمبهاوێژ و کەشتییە جەنگییەکان وتی: "کەس ناتوانێت ئێران لەناو ببات، چونکە هێزی ئێران لە ئیرادەی گەل و توانای سەربازییەکەیدایە."
ڕێبەری باڵای ئێران ڕاستەوخۆ هۆشداریی دایە واشنتن و جەختی کردەوە: "بەهێزتر لە کەشتییە زەبەلاحەکانتان، ئەو چەکانەن کە ئێمە هەمانە و دەتوانن ئەو کەشتییانە لەناو بەرن." ئەم لێدوانانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ مووشەکە دژە کەشتی و تهکنەلۆژیای سەربازیی ئێران کە لە ساڵانی ڕابردوودا پەرەی پێدراوە.
ئەم ململانێ زارەکییەی نێوان تاران و واشنتن لە کاتێکدایە، کە هەردوولا لە جنێڤ لە گەڕی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکاندان، بەڵام هاوکات لەگەڵ گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان، هەڕەشە سەربازییەکانی نێوانیان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.