دواین هەواڵ

جیهان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

واشنتن هۆشداری دەداتە دیمەشق

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مەرجی قورسی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا و هەڵگرتنی سزاکان داناوە، بەرپرسێکی باڵای ئەو وەزارەتە دەڵێت: "ناکرێت دیمەشق بە هێز کۆنترۆڵی ناوەندی بسەپێنێت و چاوەڕوانی هاوکاریی دارایی بێت."

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ٢ی ٢٠٢٦، کەناڵی (الحرة) لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە: حکومەتی سووریا ناتوانێت لە لایەکەوە بە هێز کۆنترۆڵی ناوەندی بسەپێنێتەوە و لە لایەکی دیکەوە چاوەڕێی وەرگرتنی بودجە بێت بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە جەختی کردووەتەوە کە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا "مەرجدارە" و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو هەنگاوە سیاسییانەی کە دیمەشق لە داهاتوودا دەیاننێت. ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەگەر سووریا ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ هەژموونی ئێران، هیچ ڕێگایەک بۆ سەقامگیری لەو وڵاتەدا نامێنێت."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار دەخاتە سەر حکومەتی سووریا بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی سیاسی و قبووڵکردنی واقیعی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان، پێش ئەوەی هیچ هاوکارییەکی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوە پێشکەش بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP