هەرێم نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی ڕایدەگەیەنێت کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان دۆلاری سپی (چاپی کۆن) و دۆلاری شین (چاپی نوێ) نییە و دەبێت بە یەک نرخ مامەڵەیان پێوە بکرێت، بەمەش کۆتایی بەو جیاکارییە دەهێنێت کە لە بازاڕەکاندا دروست بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی 2ی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێنمایی نوێی ئاراستەی سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان کردووە و جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگیی نەهێشتنی جیاکاری لە نرخی دۆلاری ئەمەریکی لەنێوان چاپی کۆن و نوێدا.
بەپێی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، هەردوو جۆرەکەی دراوەکە هەمان بەهای یاساییان هەیە و نابێت لە کاتی ئاڵوگۆڕدا بە بیانووی کۆنی و نوێی چاپەکە، جیاوازی لە نرخەکەیاندا بکرێت یان بە نرخێکی کەمتر وەربگیرێت، بۆیە پێویستە بانکەکان پابەندی ئەم ڕێنماییە بن.