دواین هەواڵ

ئابوری‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

چین گورزێکی گەورە لە دۆلار دەوەشێنێت

هەرێم نیوز

ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای دەکات، پەکین فەرمانی بە بانکە گەورەکانی وڵاتەکەی کردووە دەستبەرداری بۆندەکانی ئەمەریکا بن، چونکە چیتر متمانەیان بە دۆلار و سیاسەتەکانی ترەمپ نەماوە.

ئاژانسی (بلومبێرگ) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، چین بە بانکە گەورەکانی ڕاگەیاندووە کە سەرمایەکانیان لە بۆندەکانی گەنجینەی ئەمەریکا (US Treasuries) کەم بکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی چین نیگەرانن لە "مەترسیی چڕبوونەوە" و "نەمانەوەی سەقامگیریی بازاڕ". ئەوان پێیان وایە بەهۆی سیاسەتە پێشبینینەکراوەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، چیتر بۆندەکانی ئەمەریکا ئەو پەناگە ئارامە نین کە جاران هەیبوو.

ئامارەکان دەریدەخەن چین بە بێدەنگی خەریکی فرۆشتنی بۆندەکانە؛ لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا سەرمایەکەی لە 1.3 تریلیۆن دۆلارەوە دابەزیوە بۆ 682 ملیار دۆلار، کە ئەمەش نزمترین ئاستە لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرابێت.

بۆند لە بنەڕەتدا کڕینی قەرزە. کاتێک حکومەتێک (وەک ئەمریکا) پارەی زۆری پێویستە بۆ پڕۆژەکانی، بۆند دەردەکات. تۆ وەک کڕیار (یان چین وەک دەوڵەت) بڕێک پارە دەدەیت بە حکومەتی ئەمریکا، لە بەرامبەردا ئەمریکا وەرەقەیەکی فەرمیت دەداتێ (بۆند) کە تێیدا بەڵێن دەدات:

ساڵانە بڕێک سوود (Interest) بدات بەو پارەیەی لێت وەرگرتووە.

دوای ماوەیەکی دیاریکراو (بۆ نموونە ١٠ ساڵ)، تەواوی پارە ئەسڵییەکەت بۆ بگەڕێنێتەوە.

 بۆچی بۆندی ئەمریکا (US Treasuries) گرنگە؟
بۆ ماوەی چەندین دەیەیە، بۆندی ئەمریکا بە "سەلامەتترین وەبەرهێنان" لە جیهاندا دادەنرا.

 چونکە هەموو جیهان پێیان وابوو حکومەتی ئەمریکا مایەپووچ نابێت و هەمیشە پارەکە دەگەڕێنێتەوە. وڵاتانی وەک چین، ئەو دۆلارە زیادەی لە بازرگانی دەستیان دەکەوت، دەیانکردە بۆندی ئەمریکی تا هەم پارەکەیان پارێزراو بێت و هەم سوودێکی کەمی لەسەر وەربگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP