هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا خۆیان لە (هەژماری من) تۆمار نەکردووە یان کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لیستی ناوی 5 هەزار و 750 فەرمانبەر دراوەتە یەکەکان و "مووچەکانیان ڕادەگیرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی 2ی 2026، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لە گشتاندنێکدا بۆ گشت یەکە ژمێریارییەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک ڕایگەیاند: "لە ڕێکەوتی 20/1/2026 بەدواوە دابەشکردنی مووچە تەنها بە شێوەی دیجیتاڵی و لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) دەبێت."
بەپێی بڕیارەکە، مەترسیی بڕینی مووچە لەسەر دوو توێژە:
ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە: پێویستە بەزووترین کات دەست بە پڕۆسەکە بکەن.
ئەوانەی کارتیان وەرنەگرتووەتەوە: ئەو فەرمانبەرانەی ئاگادار کراونەتەوە، دەبێت سەردانی ئەو بانکانە بکەن کە لە کورتەنامەکاندا بۆیان دیاری کراوە.
وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە، لیستی ناوی 5,750 مووچەخۆر هاوپێچ کراوە کە تا ئێستا پابەند نەبوون و هۆشداری دەدات: "ئەگەر بەدواداچوون بۆ مامەڵەکانیان نەکەن، ئەوا مووچەکانیان دەوەستێت."