هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وردەکاریی کۆبوونەوەی مارکۆ ڕوبیۆ و شاندی سوریای بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، پشتیوانی لە سوریایەک دەکەن کە مافی کەمینەکان بپارێزێت و جەخت لە جێبەجێکردنی "ڕێککەوتنی یەکگرتن" لە باکووری ڕۆژهەڵات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 14ی 2ی 2026، تۆمی پیگۆت، جێگری وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕوبیۆ پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ "سوریایەکی سەقامگیر" دووپات کردووەتەوە، کە بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانیدا بژی و "مافی هەموو کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی بپارێزێت."
تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکە پرسی شەڕی داعش و داهاتووی هێزەکان بووە؛ ڕوبیۆ پێشوازی لە پابەندبوونی حکومەتی سوریا کردووە بۆ هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ شکستپێهێنانی داعش.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی هەمیشەیی و "ڕێککەوتنی یەکگرتن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا" و دەستەبەرکردنی ڕێزگرتنی تەواو بۆ ماف و ئاسایشی هەموو سوریا.