هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە، بەرپرسە ئەمەریکییە بە ڕوونی ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات لە ڕێککەوتنی نێوان "دیمەشق و هەسەدە".
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 14ی 2ی 2026، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئالیسۆن هووکەر، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئالیسۆن هووکەر ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە "ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە" کرد و بە گرنگییەوە باسی لە کاریگەریی سەرۆکی هەرێم کرد لە لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان.
هەروەها بەرپرسە ئەمەریکییەکە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ عێراق و "قەوارەی هەرێمی کوردستان" و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی دامەزراوەکان کردەوە.