هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و وەزیری دەرەوەی سعودیە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبوونەوە، سعودیە پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی "ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم" و هەڵگرتنی سزاکان دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 14ی 2ی 2026، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی شاندی سوریا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دیدارێکی هاوبەش لەنێوان شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەڕێوە چوو.
لە دیدارەکەدا، سعودیە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە هەموو ئەو خاڵانەی کە سوورییەکان لەسەری ڕێکدەکەون، هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ ڕەوتی "تێکەڵبوونەوەی نیشتمانی" و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە مەزڵوم عەبدی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی شانشینی سعودیە دەربڕی لە پشتیوانیکردنی سوریا لە یەکەم ڕۆژەوە، بەتایبەت لە هەوڵەکانی بۆ هەڵگرتنی سزاکان و ئاسانکاری بۆ ڕەوتی ڕێککەوتنەکە.