هەرێم نیوز
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گەشتەکەیدا بۆ واشینگتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییە ئەگەرییەکان دژی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی سیئێنئێن کە لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە گواستوویەتییەوە، ئەم هەنگاوەی نەتانیاهو لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل خۆی بۆ سیناریۆی شکستهێنانی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئامادە دەکات.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەلئەڤیب گومانی زۆری لە سەرکەوتنی دانوستانە سەرەتاییەکانی نێوان واشینگتن و تاران هەیە. ئامانجی نەتانیاهو لەم دیدارەدا دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە لە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەریدا، ئازادی کارکردنی سەربازی بۆ ئیسرائیل پارێزراو بێت.
هەروەها بڕیارە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زانیاری نوێ سەبارەت بە تواناکانی ئێران ڕادەستی ترەمپ بکات.
یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئیسرائیل کە بڕیارە لەم دیدارەدا باسی لێوە بکرێت، پێشکەوتنی ئێرانە لە بنیاتنانەوەی سیستەمی موشەکە بالیستییەکانی.
بەپێی خەمڵاندنەکان، ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە ئەگەر ڕێگری لەم کارە نەکرێت، تاران لە ماوەی چەند هەفتە یان چەند مانگێکی کەمدا دەگاتە خاوەندارێتی ١٨٠٠ بۆ ٢٠٠٠ موشەکی بالیستی.
هەرچەندە سیئێنئێن ئاماژەی بەوە کردووە کە ناتوانێت ڕاستی و دروستی ئەم ژمارەیە پشتڕاست بکاتەوە.
نەتانیاهو بەرلە بەڕێکەوتنی بۆ واشینگتن ڕایگەیاند کە دۆسیەی ئێران گرنگترین بابەتی گفتوگۆکانی دەبێت لەگەڵ ترەمپ.
ئەو جەختی کردەوە کە لەم سەردانەدا ڕوانگەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکانی هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێران دەخاتە ڕوو تا بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی بپارێزێت.