هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هۆشداری دەدات لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە کۆبانێ بەهۆی گەمارۆکانەوە و داوای دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی ئارام.
ئەمڕۆ شەممە 24ی 1ی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕاگەیەندراوێکدا بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی ڕای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کرد، سەبارەت بەو "گەمارۆ خنکێنەرەی" سەپێنراوەتە سەر شاری کۆبانێ و رایگەیاند: "گەمارۆکە شارەکەی گەیاندووەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی ڕاستەقینە کە هەڕەشە لە ژیانی سەدان هەزار مەدەنی دەکات."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا دەڵێت: "کۆبانێ تەنها شارێک نییە، بەڵکو هێمای بەرخودانە و ناوی لە یادەوەریی سورییەکان و جیهاندا هەڵکۆڵراوە، چونکە هێڵی بەرگریی یەکەم بوو بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە ڕێڕەوی شەڕی دژ بە توندڕەویی گۆڕی."
لەو چوارچێوەیەدا ئیدارەی خۆسەر داوای دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و دەستبەجێ دەکات بۆ "کردنەوەی ڕێڕەوی ئارام کە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی و دابینکردنی چارەسەر بۆ برینداران و پێداویستییە سەرەتاییەکان مسۆگەر بکات بەبێ هیچ مەرج و کۆتوبەندێک."
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دەستوەردانی بەپەلە بکەن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوچەکانی کانتۆنی جزیرە و رایدەگەیەنێت: "بێدەنگی لە ئاست ئەوەی ڕوودەدات هاوبەشیکردنە لە تاوان و دەستوەردانی بەپەلە لەمڕۆدا بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە و دواناکەوێت."