هەرێم نیوز
کاروانێکی هاوکاریی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی سێمێلکاوە گەیشتە شاری قامیشلۆ. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە مرۆییەکاندایە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارە و زیانلێکەوتووانی رۆژئاوای کوردستان کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەوە ئاوارە بوون.
کاروانەکە لە 67 بارهەڵگر پێکهاتووە کە کەلوپەلی خۆراک، دەرمان و پێداویستیی ناوماڵ (وەک بەتانی)یان هەڵگرتووە. هاوکارییەکان لە ناو پارکی "ئازادی" لە شاری قامیشلۆ جێگیر کراون و بڕیارە لە بەیانییەوە پڕۆسەی دابەشکردنیان بەسەر ئاوارەکاندا دەست پێ بکات، بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.
پڕۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری کوردی بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لەوەی هاوکارییەکان دەگەنە دەستی کەسانی شایستە.
شایەنی باسە، لە دوای هێرشەکانی 18ی کانوونی دووەم بۆ سەر ناوچەکانی تەبقە و ڕەققە، دەستەیەکی زۆری دانیشتووانی عەفرین و شەهبا کە پێشتر لەو ناوچانە بوون، جارێکی دیکە ئاوارە بوونەتەوە و ڕوویان لە شارەکانی کانتۆنی جەزیرە کردووە.